هەر نۆ بەڕێوەبەرایەتیی شارەوانیی هەولێر دووپات لەوە دەكەنەوە، بەهۆی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، پڕۆژەی خزمەتگوزاری گەیشتووەتە هەموو شوێنەكانی هەولێر و دڵنیایی دەدەن كە رۆتین كەم دەكرێتەوە و كارئاسانیی زیاتر بۆ هاووڵاتییان دەكرێت.
بەگوێرەی راگەیەنراوی كۆبوونەوەیەك كە بەسەرپەرشتی كارزان هادی سەرۆكی شارەوانیی هەولێر و هەر نۆ شارەوانییەكە ئەنجام دراوە، تاوتوێی پڕۆژەی گەیاندنی شەقام بۆ چەند گەڕەكێكی شاری هەولێر كرا، هاوكات دووپات لە بەردەوامیی كارەكانی كارگەی قیری سەرۆكایەتیی شارەوانی كرایەوە بۆ چاككردنەوە و قیرتاوكردنی چاڵ و شكستەكانی سەرجەم شەقامە گشتی و ناوخۆییەكان
هاوكات بەشێوەیەكی تێروتەسەل باس لە دانانی پلانی چەند مانگی داهاتوو، ئامادەكارییەكانی پێشوازی لە وەرزی زستان، پەرەپێدانی ڕووبەری سەوزایی (پارك و باخچەكان)، نەمامچاندن و نۆژەنكردنەوەی نافوورەكان و پاراستنی پاكوخاوێنی شارەكە كرا.
لە كۆتاییدا دووپات لەسەر كەمكردنەوەی ڕۆتین و پێشكەشكردنی كارئاسانیی تەواو بۆ مامەڵەی هاووڵاتییان كرایەوە، بەتایبەت لە بواری مۆڵەتدان و ڕێپێدانی كاری بیناسازی بەپێی ڕێنوێنییە یاساییەكان، لەگەڵ ڕێكخستنی سیمای شۆستە و رووگەی باڵەخانەكان.