یەكێك لەو خەونانەی خەڵكی كوردستان كە مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كردی بە راست، پڕۆژەی جووتسایدی كۆیە- هەولێر بوو. پڕۆژەكە ئێستە زیاتر لە 40%ی تەواو بووە.
خەڵكی كوردستان بیرییەتی لە چەند ساڵی رابردوودا بە رێیەكانی كوردستاندا هاتوچۆیان دەكرد، خەیاڵ و خەونی شەقامی نوێ و جوانیان دەبینی، ئەوە مەسروور بارزانی بوو هات و سەردەمێكی زێڕینی لە پڕۆژەكانی رێگاوبان دەست پێ كرد.
بە پێی دوایین ئامارەكانی تایبەت بە پڕۆژەكە، تا ئێستە 40%ـی كارەكان تەواو بوون و چاوەڕوان دەكرێت لە ماوەی ساڵ و نیوێكی داهاتوودا پڕۆژەكە بە تەواوی كۆتایی پێبێت.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رای گەیاند، پڕۆژەكە بە تەواوی لە لایەن كۆمپانیا و ئەندازیارانی ناوخۆییەوە جێبەجێ دەكرێت، ئەمەش وەك نیشانەیەك بۆ متمانەكردن بە توانای ناوخۆیی.
بە تەواوبوونی ئەم رێگەیە، ماوەی نێوان هەولێر و كۆیە بۆ 20 خولەك كەم دەبێتەوە، هاوكات ئاستی سەلامەتیی رێگەكە بە شێوەیەكی بەرچاو بەرز دەبێتەوە كە ئەمەش دەبێتە هۆی كەمكردنەوەی رووداوەكانی هاتوچۆ.
لە قۆناغی یەكەمدا درێژییەكەی 37 كیلۆمەترە و پێكهاتووە لە دروستكردنی 6 ئۆڤەرپاس (بەرزەپرد)، 4 ژێرپرد، پردێكی گەورە بە درێژیی 250 مەتر و پردێكی دیكە بە درێژیی 90 مەتر. جگە لەمەش، 160 ئاوبەری كۆنكرێتی، دانانی هێماكانی هاتوچۆ، پەرژینی سەلامەتی و دابینكردنی رووناكی بۆ بەرزەپرد و ژێرپردەكان لەخۆدەگرێت.
هاوكات لە قۆناغی دووەم، درێژییەكەی 11 كیلۆمەترە و رێگەكە بە شەقامی 60 مەتریی كۆیە و بازگەی تۆپزاوە دەبەستێتەوە.