ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن كە 39 كورسیی هەیە، حكوومەت پێكدەهێنێت و پابەندە بەو قەبارەیەی كە خەڵكی كوردستان لە رێگەی دەنگەكانیانەوە بۆ حزبەكانیان دیاری كردووە.
كەمال كەركووكی ئەمڕۆ یەكشەم 12ی تەمووز ئاماژەی بەوە كرد، پەرلەمان بەرهەمی خوێنی شەهیدان و خەباتی گەلی كوردە و هی هیچ حزبێك نییە، بۆیە بایكۆتكردنی بە زیان بۆ خەڵكی كوردستان دەگەڕێتەوە.
گوتیشی: "داوا لە پەرلەمانتاران دەكەم ئەو زنجیرەیەی حزبەكانیان بەسەریاندا فەرز كردووە، بشكێنن و بچنە ناو پەرلەمان بۆ ئەوەی بەپێی ئەوەی لە دڵ و مێشكیاندایە خزمەت بكەن، چونكە هەر پەرلەمانتارێك رێگریی لە دەوامی پەرلەمان بكات، لە پێش خودا و گەل گوناهبار و تاوانبار دەبێت".
لەبارەی هەوڵەكانی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان كە ئەمڕۆ لەگەڵ شاندی پارتی دانیشتن و لەگەڵ حزبەكانی تریش كۆبوونەتەوە، كەمال كەركووكی سوپاسی حەمەی حاجی مەحموودی كرد بۆ پێشكەشكردنی پڕۆژەیەك لە بەرژەوەندیی گەلی كورد و راشی گەیاند، پارتی بە وردی تاوتوێی پڕۆژەكە دەكات و دواتر گفتوگۆی لەسەر دەكەنەوە.
لە بەشێكی تری قسەكانیدا، ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی پارتی رەخنەی لەو لایەنانە گرت كە داواكارییەكانیان لە قەبارەی كورسییەكانیان گەورەترە و گوتی: "خەڵك قەبارەی هەموو لایەكی دیاری كردووە، پارتی 39 كورسی، یەكێتی 23، نەوەی نوێ 15 و یەكگرتووش حەوت كورسییان هەیە، بۆیە رێككەوتن لەگەڵ لایەنێك كە لە شایستەیی خۆی زیاتر داوا بكات مەحاڵە".
لە كۆتاییدا لەبارەی هاوپەیمانیی نێوان یەكێتی و نەوەی نوێ، كەركووكی دووپاتی كردەوە، پێویستە سەرەتا پەرلەمان كارا بكرێتەوە و نابێت "ئەسپ بخرێتە پشت عەرەبانەكەوە"، دووپاتیشی كردەوە كە دەرگای پارتی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەك كراوەیە.