ماڵپەڕی زانكۆی سەڵاحەدین، ئەنجامی پشكنینێكی تاقیگەیی بۆ هەنگوینی هەرێمی كوردستان ئاشكرا كردووە و دەڵێت، خاوەن پێكهاتەی بایۆئەكتیڤی زۆر بەهێزە و تایبەتمەندیی چارەسەریی بەرزە.
زانكۆكە دەڵێت، ئەنجامەكە بە پشتبەستن بە بەڵگەی تاقیگەیی پێشكەوتوو سەلمێنرا، ئەمەش دەستكەوتێكی زانستییە بۆ هەنگوینی كوردستان، لەلایەن قوتابییەكی خوێندنی باڵا/ دكتۆرا لە بەشی زانست و تەكنەلۆجیای خۆراك – كۆلێژی زانستە ئەندازیارییە كشتوكاڵییەكانی زانكۆكە.
زانكۆكە ئەوەی ئاشكرا كردووە كە هەنگوینی هەرێمی كوردستان، خاوەن پێكهاتەی بایۆئەكتیڤی زۆر بەهێز و تایبەتمەندیی چارەسەریی بەرزە.
زانكۆی سەڵاحەدین باس لەوە دەكات كە هەنگوینی هەرێمی كوردستان، هاوشانی هەنگوینی بەناوبانگی "مانۆكا"ی جیهانییە، ئەمەش دەروازەیەكی نوێ و گرنگە بۆ ناساندنی بەرهەمی ناوخۆیی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.
ئاماژەی بەوە كردووە، ئەم توێژینەوە ئاستبەرزە لەلایەن قوتابیی دكتۆرا "بێلان عوسمان قادر" و سەرپەرشتیاران (پ.ی.د. نەوال هورمز سبو) و (پ. ی.د. سافیە سابیر تەها) لە گۆڤاری جیهانی پێشەنگی (Journal of Food Composition and Analysis) بڵاو كراوەتەوە، كە خاوەن ریزبەندی (Q1)ـە و سەربە دەزگای بەناوبانگی (Elsevier)ـە.