ناونووسینی حەج دەست پێ دەكات

:: PM:01:23:13/07/2026 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی كوردستان بە مەبەستی ئامادەكاری بۆ وەرزی حەجی 2027، دەست بە ناونووسینی حاجیان دەكات.

ئەمڕۆ دووشەم 13ـی تەمووز، شێخ وریا مەولانا خالید بالیسانی بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە بەوەكالەت، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، بەمزووانە دەروازەی حەج دەكرێتەوە و هاووڵاتییان دەتوانن ناوی خۆیان بۆ پرۆسەی حەجی 2027 تۆمار بكەن.

زیاتر گوتی، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی/ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی تەكنەلۆجیای زانیاری، هەموو ئامادەكارییەكیان تەواو كردووە بۆ ئەوەی لە ماوەیەكی نزیكدا دەست بە ناونووسینی حاجیان بكەن.

ئەوەشی خستەڕوو كە ناونووسین بۆ ماوەیەكی دیاریكراو بەردەست دەبێت، پێویستە هاووڵاتییان بەڵگەنامە فەرمییەكانی وەك ژمارەی بێ هاوتای كەسی (یو پی ئین) و پاسپۆرت و كارتی نیشتمانی ئامادە بكەن، تا بتوانن بە بێ كێشە ناوەكانیان بۆ حەج تۆمار بكەن.



وشە - رامیار جەواد