بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ، پارێزگاری هەولێر، بەرپرسانی بیانی و كونسوڵی گشتیی بەریتانیا، كۆنفرانسی تایبەت بە "بەشداریكردنی كۆمەڵگە بۆ كەمكردنەوەی كۆچی نایاسایی لە هەرێمی كوردستانەوە بەرەو بەریتانیا و فڕەنسا"، لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
ئەمڕۆ دووشەم 13ی تەمووز، بەئامادەبوونی ڕێبەر ئەحمەد، ئومێد خۆشناو، سەفین دزەیی، فەلاح حەسەن، د. هێمن میرانی و ئەندرۆ بیزڵی كونسوڵی بەریتانیا لە هەولێر، ژمارەیەك لە بەڕێوەبەرانی گشتی و دیپلۆمات و بەرپرسان، كۆنفرانسی بەشداریكردنی كۆمەڵگە بۆ كەمكردنەوەی كۆچی نایاسایی لە هەرێمی كوردستان بەرەو بەریتانیا و فڕەنسا بەڕێوەچوو.
لەو كۆنفرانسەدا گرنگیی هاوكاریی نێوان دامەزراوە حكوومییەكان، ڕێكخراوە ناحكوومییەكان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەكان بۆ چارەسەركردنی هۆكارەكانی كۆچی نایاسایی و بەرزكردنەوەی هۆشیاریی كۆمەڵگە خرایەڕوو.
ئاماژە بەوە درا كە ئەم پڕۆژەیە بە مەبەستی كەمكردنەوەی مەترسییەكانی كۆچی نایاسایی، پاراستنی ژیانی گەنجان، پەرەپێدانی هەلی گونجاوی ژیان و كار لە ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بەهێزكردنی بەشداریی كۆمەڵگە لە بڕیاردان و چارەسەركردنی ئەو دیاردەیە جێبەجێ دەكرێت.
لە كۆتاییدا دووپات لەسەر ئەوە كرایەوە كە بەردەوامبوونی هاوكاری و هاوئاهەنگیی نێوان هەموو لایەنە پێوەندیدارەكان، بنەمای سەرەكیی سەركەوتنی هەر هەوڵێكە بۆ كەمكردنەوەی كۆچی نایاسایی و دروستكردنی داهاتوویەكی باشتر بۆ چین و توێژەكانی هەرێمی كوردستان.