خشتەی دابەشكردنی مووچە بڵاو دەكرێتەوە

:: PM:03:42:13/07/2026 ‌
دوای ئەوەی پارەی كاش خرایە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، چاوەڕوان دەكرێت لە چەند سەعات داهاتوودا خشتەی دابەشكردنی مووچە بڵاو بكرێتەوە. 
             
لە وەزارەتی دارایی و ئابوورییەوە، هەواڵ گەیشتە "وشە" كە لە چەند سەعاتی داهاتوودا خشتەی دابەشكردنی مووچە بڵاو دەكرێتەوە. 

سەرچاوەكە ئەوەیشی گوت، كە خشتەكە هاوشێوەی مانگەكانی پێشوو دەبێت و بە سێ‌ ڕۆژ مووچە دابەش دەكرێت. 

وەزارەتی دارایی و ئابووری ئەمڕۆ رای گەیاند، بڕی 841 ملیار  و 161 ملیۆن دینار وەك تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان خرایە سەر هەژماری بانكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق.

 دووپات لەوە كراوەتەوە كە هاوشێوەی مانگی ڕابردوو وەزارەتی دارایی فیدراڵ بڕی 120 ملیار دیناری وەك پشكی گەنجینەی فیدراڵی لە داهاتی نانەوتی هەرێم بۆ مانگی حوزەیران لە كۆی تەمویلی مووچە بڕیووە.
 
ئەوە سەرەڕای ئەوەی بڕی سێ‌ ملیار و 326 ملیۆن و 931 هەزار دینار لە تەمویلی مووچەی مانگی حوزەیران نەناردووە كە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەكانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.

لەكۆتایشدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە كە دوای تەواوكردنی ڕێكارەكان و وەرگرتنی پارەكە بەشێوەی كاش لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عێراق ڕاستەوخۆ لیستی مووچە بڵاو دەكرێتەوە و لە نزیكترین كاتدا دەست بەدابەشكردنی مووچەی مانگی حوزەیران دەكرێت.



وشە - وشه‌