بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی هەشتی ئەمساڵدا بانكی نیشتمان، بەفەرمی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكرێتەوە، لەگەڵ كردنەوەیدا سەرجەم فەرمانبەران و پێشمەرگە و هاووڵاتی دەتوانن سوودمەندی وەرگرتنی قەرز بن.
ئەمڕۆ سێشەم 14ـی تەمووز، بەپێی ئەو زانیارییانەی "وشە" دەستی كەوتووە، لە ناوەڕاستی مانگی ئابدا تا كۆتاییەكەی، بانكی نیشتمان بەفەرمی دەكرێتەوە، هاوشێوەی بانكە گەورەكانی عێراق دەست دەكات بەپێدانی قەرز بە هاووڵاتییان.
ئەوەیش زانراوە، تاكە مەرجی پێدانی قەرز، بریتییە لە كەفیلێكی فەرمانبەر لە هەرێمی كوردستان، تەواوی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە و هاووڵاتی دەتوانن لە وەرگرتنی قەرز سوودمەند بن.
بەپێی زانیارییەكان، ئەو بانكە دەست دەكات بە پێدانی قەرزەكانی وەك " خانووبەرە، هاوسەرگیری، پیشەسازی، كشتوكاڵی و ئۆتۆمبێل و.. هتد"، بەپێی رێسا و یاساكانی ئاینی ئیسلام ئەو قەرزە دەدرێت.
دووپات كراوەتەوە كە ئەو بانكە لە مانگی ئابدا دەكرێتەوە. دوای سێ ساڵ ئامادەكاری كارەكانی تەواو بووە و تەواوی فەرمانبەرانی راهێنراون، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی سەرپەرشتی دەكەن و سەربە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان دەبێت.
لە زانیارییەكاندا ئەوەیش هاتووە، سەرمایەی ئەو بانكە لە سەرووی سەتان ملیار دینار دەبێت و سەرجەم مامەڵەكانیشی بۆ هاووڵاتییان بە دینار دەبێت، لەگەڵ كردنەوەیدا دەست دەكرێت بە وەرگرتنی مامەڵەكان.