كەسوكاری شەهیدان ئاگادار دەكرێنەوە

:: AM:10:54:14/07/2026 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەولێر، ئاگاداری كەسوكاری شەهیدان دەكاتەوە كە خێرا دەست بكەن بە تۆماریان لە هەژماری من.

ئەمڕۆ سێشەم 14ـی تەمووز، بەپێی ئاگادارییەكی بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی هەولێر كە تێیدا هاتووە، ئاگاداری خێزانی  سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالكراوانی سنووری پارێزگای هەولێر دەكەین، ئەو وارسانەی كە هێشتا "هەژماری من”یان نەكردووە و فۆرمی تایبەتیان  پڕ نەكردووەتەوە، تكایە سەردانی ئەو بانكانە بكەن كە ستافی هەژماری منی لێیە، بۆ پڕكردنەوەی فۆرمەكە و وەرگرتنی كارتی بانكی تایبەت بە مووچە .

ئەم پێداویستییانەش  لەگەڵ خۆیان ببەن: 
* ژمارەی  كەسی بێهاوتا  (UPN)
* ناسنامەی شەهید
* كارتی نیشتمانی
* كارتی زانیاری
* وێنەی تازەی وارس
* پاسپۆرت

ئاماژە بەوەش كراوە، ئەو وارسانەی كە فۆرمی «هەژماری من » یان پڕ كردووەتەوە و كارتی بانكییان بۆ جێبەجێ كراوە، بەڵام هەتا ئێستە كارتەكانیان وەرنەگرتووەتەوە، ئەگەر ئەم كەسانە لە كاتی وەرگرتنی مووچەكانیان كێشەیان بۆ دروست بوو، تكایە سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەولێر بكەن لە گەڕەكی ئازادی، بۆ ئەوەی كارئاسانییان بۆ بكەین لە وەرگرتنەوەی كارتی بانكی و وەرگرتنی مووچەكانیان.

لە ئاگادارییەكەدا باس لەوە كراوە، ئەو وارسانەی كە خاوەنی دوو مووچەن واتە فەرمانبەری حكوومەتن و لە هەمان كاتدا وارسی شەهیدن، بەڵام تەنیا كارتی بانكی مووچەی فەرمانبەرییان بۆ كراوە مووچەی تایبەت بە شەهیدانەكانیان نەكراوە بە كارتی بانكی، ئەمانە ئێستە مووچەی شەهیدانەكانیان هەر لە بانكەكان دەمێنێتەوە تا لەلایەن ستافی هەژماری من  هەردوو مووچە دەخرێتە سەر هەمان كارتی بانكی و لە یەك كارتی بانكی یەك دەخرێتەوە.



وشە - رامیار جەواد