هێمن هەورامی: هیچ پاساوێكی رژد بۆ چەقبەستوویی سیاسی لە هەرێمدا نییە

:: PM:02:06:14/07/2026 ‌
هێمن هەورامی لە میانەی پێشوازیكردن لە جانێت ئەلبێردا باڵوێزی هۆڵەندا لە عێراق و بێرتێل سنوێر جێگری كونسوڵی گشتیی هۆڵەندا لە هەرێمی كوردستان رای گەیاند، هیچ پاساوێك بۆ چەقبەستوویی  سیاسی لە هەرێمدا نییە.

هێمن هەورامی ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوە كرد، پاش 20 مانگ لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجامدانی دەیان كۆبوونەوە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و لایەنەكانی تر، هەروەها واژووكردنی رێككەوتنی سیاسی لەسەر بنەمای چەسپاندنی هاوبەشی و سازان، ئێستە هیچ پاساوێكی سیاسی بۆ چەقبەستوویی نەماوە.

هەورامی دووپات لەوە دەكاتەوە، ئامادەن هەرچی زووتر پەرلەمانی كوردستان كارا بكرێتەوە و داواش دەكات دانیشتنەكان دەست پێ بكەنەوە. 

هاوكات پەیامێكی ئاراستەی سەرجەم ئەو لایەنانە كردووە كە خاوەنی كورسیی پەرلەمانین، بۆ ئەوەی بچنە ژێرباری بەرپرسیارێتیی سیاسی و یاسایی و نیشتمانی، لە ناو پەرلەماندا گفتوگۆ بۆ هەنگاوە یاسایی و دەستوورییەكان بكرێت.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا، وردەكاری و بەرچاوڕوونیی زیاتر لەسەر دیدگە و هەڵوێستی پارتی بەرانبەر بە دوایین هاوكێشەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان بۆ شاندی میوان باس كراوە. 

هێمن هەورامی سوپاسی باڵوێزی هۆڵەندای كردووە بۆ رۆڵ و دۆستایەتیی بەردەوامی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لەو كاتەی لە ساڵی 2016 كونسوڵی وڵاتەكەی بووە لە هەولێر و لەو دوو ساڵەی رابردووشدا وەك باڵوێز لە عێراق كاری كردووە، هەروەها ستایشی رۆڵی بەرچاویان كرا لە پێشخستنی زیاتری پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و هۆڵەندا.



وشە - سۆران عەزیز