عەلی زەیدی: سەركۆنەی ئەو هێرشە درۆنییە دەكەم كرایە سەر هەولێر

:: AM:08:44:16/07/2026 ‌
سەرۆك وەزیرانی عێراق  رای گەیاند، بە توندی سەركۆنەی ئەو هێرشە درۆنییە دەكەم  كە ئاسمانی هەولێری كردە ئامانج.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی تەمووز، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پلاتفۆرمی ئێكس نووسیویەتی، ئەم جۆرە هەوڵە ناتوانن ئیرادەی گەل و خۆڕاگرییان لەناو بەرن. هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە، ئەم هێرشانە هەوڵێكی شكستخواردوون بۆ پەكخستنی كاروانی بنیاتنانی دەوڵەت و تێكدانی ئاشتی كۆمەڵایەتی. بە هیچ شێوەیەك چاوپۆشی لەم جۆرە كردەوانە ناكرێت.

هەر لەم چوارچێوەیەدا رێنوێنیی داوە بە سەرجەم دامەزراوە و دەزگا تەناهییە پێوەندیدارەكان كە هاوئاهەنگی تەواو لەگەڵ هێزە تەناهییەكانی هەرێمی كوردستان بكەن. ئامانج لەم هاوئاهەنگییە گرتنەبەری هەموو رێكارە پێویستەكانە بۆ رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە هێرشانە و رووبەڕووبوونەوەی هەر لایەن و گرووپێك كە بیەوێت زیان بە ئاسایشی هاووڵاتییانی عێراق لە هەر شوێنێكی وڵات بگەیەنێت.

شەوی رابردوو دژەتیرۆری هەرێمی كوردستان رای گەیاند، هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، توانیویانە ژمارەیەك درۆنی بۆمبڕێژكراو لە ئاسمانی شاری هەولێر تێكبشكێنن و بیخەنە خوارەوە، بێ ئەوەی هیچ زیانێكی گیانیی لێ بكەوێتەوە.

دژەتیرۆری كوردستان ئاشكرای كرد، هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە سەعات 20:53 تا 21:20، بە سەركەوتوویی توانیویانە هەشت درۆن بۆمبڕێژكراو لە ئاسمانی شاری هەولێر تێكبشكێنن و بخەنە خوارەوە.

بەگوێرەی راگەیەنراوەكە، خۆشبەختانە هێرشەكان هیچ جۆرە زیانێكی گیانیی لێ نەكەوتووەتەوە و دۆخی پایتەخت ئارامە.



وشە - رامیار جەواد