سلێمانی لە بێ‌ ئاوی دەخنكێت.. "دزینی داهاتی شارەكە پڕۆژەی ستراتیجی نەهێشت"

:: PM:03:20:16/07/2026 ‌
لە هەموو وەرزێكی هاویندا، سلێمانی لە بێ‌ ئاوی دەگاتە ئاستی خنكان، لە كاتێكدا شارەكە پێویستی بە پڕۆژەی ئاو هەیە كە بە داهاتی سنوورەكە جێبەجێ بكرێت، بەڵام تا ئێستە داهاتی سنوورەكە دیار نییە و هیچ پڕۆژەیەكی لەبارەی ئاوەوە بۆ نەكراوە. 

ئەمڕۆ 16ی تەمووزە، زۆرینەی گەڕەكەكانی سلێمانی هەفتەی جارێك بۆ دوو جار و بۆ ماوەی دوو سەعات ئاویان دێت، بەشی پێویستی ژیان ناكات، جێگرەوەی ئەوە كڕینی ئاوە بە تانكەر، بەڵام شارەكە بەمجۆرە رووبەڕووی كێشەی زۆر بووەتەوە. 

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، هەوڵی زۆری داوە كە پڕۆژەی ئاو لە سنوورەكەدا جێبەجێ‌ بكات، ساڵی ڕابردوویش گرێبەستێك بۆ پڕۆژەی ئاوی سێیەمی سلێمانی لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە واژوو كرا. 

داهاتی سلێمانی لە مانگێكدا وەك ئەوەی باس دەكرێت، بەشی دروستكردنی پڕۆژەیەكی گەورەی ئاوی خواردنەوە دەكات، ئەگەر بە شەفافی لە پێناو خەڵك بەكار بهێنرێ‌، ئەوكاتە خەڵكی سنوورەكەیش لەو خنكاوییە رزگاریان دەبێت. 

نەجیب مەولوود هاووڵاتییەكی خەڵكی سلێمانییە و بێزار و پەرێشانە بەدەست نەبوونی ئاوەوە، ئەو باس لەوە دەكات كە حوكمڕانانی شارەكە بیر لە كردنەوەی پڕۆژەی نوێی ئاو ناكەنەوە، لە كاتێكدا لە چەندان شاری تری كوردستان، پڕۆژەی گەورەی ئاو جێبەجێ‌ كراوە. 

ئەو باس لەوە دەكات كە ئەگەر بۆ ماوەیەك داهاتی شارەكە لەلایەن حزبەوە نەدزرێ‌ و رێ لە پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان نەگیرێ‌، بێگومان سلێمانیش هاوشێوەی هەولێر دەبێتە خاوەنی پڕۆژەی ئاو. 

رۆژی 12ی تشرینی یەكەمی 2025، ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، گرێبەستی پڕۆژەی ئاوی دوكان - سلێمانی3، بە گوژمەی423 ملیۆن و 890 هەزار دۆلار لەگەڵ كۆمپانیای هابیكا واژوو كرا. بەڵام پڕۆژەكە لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار جێبەجێ دەكرێت.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی رابردوودا چەندان پڕۆژەی لە بواری ئاوی خواردنەوە جێبەجێ كردووە، لەوانە پڕۆژەی فریاگوزاریی خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر بە گوژمەی 480 ملیۆن دۆلار،  پڕۆژەی ئاوی قوشتەپە كە ئاوی قوشتەپە و بێستانە و زیاتر لە 70 گوند دابین دەكات، گوژمەی پڕۆژەكە 222 ملیار دینارە و 90%ی پڕۆژەكە تەواو بووە.

هەروەها پڕۆژەی ئاوی بەردەڕەش، گوژمەی پڕۆژەكە 428 ملیار دینارە، كارەكانی ڕووپێویی زەوی و جیوتێكنیكال دەستی پێ كردووە. پڕۆژەی ئاوی خەبات، گوژمەی پڕۆژەكە 195 ملیارە و پڕۆژەی ئاوی 51 گوندی بارزانیش بە گوژمەی 138 ملیار دینارە.

ئێستە كاتی ئەوەیە كە خەڵكی سلێمانی لە حوكمڕانانی شارەكەیان بپرسن، ئەرێ‌ خێرە ئەو هەموو پڕۆژەی ئاوە جێبەجێ دەكرێت، بەڵام بەهۆی نەگەڕاندنەوەی داهاتی سلێمانی و دیار نەبوونی، سلێمانی نەبووەتە خاوەنی پڕۆژەیەكی ستراتیجی ئاو تا خەڵكەكە لەو خنكانەی رزگار بكات. 





وشە - وشه‌