مەزڵووم عەبدی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکات

:: PM:09:50:18/07/2026 ‌
ئەمڕۆ شەموو 18ی تەمووزی 2026، مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، لە پەیامێکدا ڕای گەیاندووە کە هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان بە توندی شەرمەزار دەکات، هاوکات پرسە و سەرەخۆشیی خۆی بۆ شەهیدبوونی نۆ پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان لە سلێمانی، ئاراستەی بنەماڵەکانیان و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکات.

لە پەیامەکەیدا، فەرماندەی گشتیی هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە کە بە خەمێکی گەورەوە هەواڵی شەهیدبوونی ئەو نۆ پێشمەرگەیەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانی لە شاری سلێمانی پێ گەیشتووە. ڕوونی کردووەتەوە کە ئەو پێشمەرگانە لە ئەنجامی هێرشی ئێران و لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانیاندا شەهید بوون.

هەر لە پەیامەکەدا هاتووە کە ئەو فەرماندەیە جارێکی تر هەموو ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکات کە ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج و دۆخی ناوچەکە تێک دەدەن. لە کۆتاییدا پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕان و سەرجەم بنەماڵەی قوربانییان و گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان کردووە، هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواستووە.


وشە - پۆڵا مەحموود