وەزارەتی كار بڕیارێكی داوە كە سەرجەم ئەو كرێكارانەی لە كاتی كار تووشی رووداو دەبن پێویستە ئەو كۆمپانیایەی كاری لێ دەكات خەرجی تەواوی چارەسەری لە ئەستۆ بگرێت.
ئەمڕۆ یەكشەم 19ـی تەمووز، محەمەد قادر ئەندامی كۆمەڵەی كرێكارانی بیناسازی، بە "وشە"ـی راگەیاند، وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە نووسراوێك ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكارانی كردووە، بڕیاریدا هەر كرێكارێك لە كاتی كاركردندا تووشی زیان بێت، ئەو كۆمپانیایەی كاری لێ دەكات خەرجی تەواوی چارەسەری لە ئەستۆ بگرێت.
دەشڵێت، بەپێی بڕیارەكە، پێویستە كارگێڕیی كۆمپانیاكان لە كاتی برینداربوون، گیانلەدەستدان و ڕووداوەكانی كار بەرپرسیارێتی هەڵبگرن، هەروەها هاوكاری خێزانی ئەو كرێكارانە بكەن كە گیان لەدەست دەدەن و تێچووی چارەسەری بریندارەكانیش تا كاتی چاكبوونەوەی تەواو و دەرچوونیان لە نەخۆشخانە دابین بكەن.
ئاماژەی بەوەشكرد، وەزارەتی كار لە ڕێنوێنییەكانیدا داوا لە كۆمپانیاكان دەكات لە كاتی ڕوودانی هەر ڕووداوێكی كاردا، لە ماوەی 24 سەعاتدا بەڕێوەبەرایەتییەكانی كار و دەستەبەریی كۆمەڵایەتیی كرێكاران ئاگادار بكەنەوە.
پێشتریش حكوومەت بڕیارێكی لەبارەی كرێكاران دا كە خانەنشینی كرێكاران مووچەكەی بەرز كرایەوە بۆ 500 هەزار دینار.