ڕێگەپێدراوی دامەزراندنی بانكی نیشتمان لە هەرێمی كوردستان، راگەیەنراوێكی بڵاو كردەوە و ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، هەواڵی دامەزراندنی بانكی نیشتمانی زێدەڕۆیی زۆری تێدا كراوە.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، ماوەیەكە چەندان هەواڵ و لێدوان و بابەتی ڕۆژنامەوانی لەسەر هەنگاوەكانی دامەزراندنی بانكی نیشتمان و ئەو خزمەتگوزارییانەی لە داهاتوودا پێشكەشی دەكات بڵاو دەكرێتەوە، زۆرجار زیادەڕۆیی و ناڕاستیی تێدایە.
"ئێستە هەنگاوەكانی دامەزراندنی بانكی نیشتمان لە قۆناغی جێبەجێكردندان، تاقیكردنەوە و چاوپێكەوتن بۆ دیاریكردنی بەڕێوەبەر و یاریدەدەری بەشەكان و فەرمانبەران بەڕێوە دەچێت، هەر زانیاری و بەرەوپێشچوونێك لەسەر قۆناغەكانی داهاتووی بانكەكە هەبێت، بەفەرمی بڵاو دەكرێتەوە، هەر كەس و لایەن و بەرپرسێك لە وەزارەتە جیاوازەكان لێدوان و شیكردنەوە لەسەر هەنگاوەكانی ئەو بانكە بدات، گوزارشت لە بۆچوونی خۆی دەكات و وەزارەت بەرپرسیار نییە لێی"، لە راگەیەنراوەكەدا وا نووسراوە.