پارتی ئازادیی كوردستان ڕای گەیاند، ئێران لە هێرشی درۆنی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر یەكێك لە بنكەكانیان تەقەمەنییەكی زۆری بەكارهێناوە كە فسفۆڕی سپیی تێدا بەكار هاتووە.
بەگوێرەی راگەیەنراوی پارتەكە، دوای پشكنین و چاودێریكردنی نۆ پێشمەرگەی بریندار و شوێنی هێرشەكە، ئەنجامەكان ئاماژە دەكەن كە تەقەمەنییە بەكارهاتووەكان مادەی فسفۆری سپییان تێدایە كە بووەتە هۆی دروستبوونی ئاگرێكی فرەوان لە ناوچەی ئامانجكراو.
دووپات دەكەنەوە كە ئەم كردارە "تاوان" و "پێشێلكارییەكی ئاشكرای یاسای مرۆڤایەتیی نێودەوڵەتی"یە و بەكارهێنانی چەكێك كە كاریگەریی سووتاندن و وێرانكاریی فرەوان لەسەر مرۆڤ و ژینگە جێدەهێڵێت، لەگەڵ بنەما مرۆییەكان و پابەندبوونی دەوڵەتان بە یاسا نێودەوڵەتییەكان ناگونجێت.
لە بەیاننامەكەدا هەروەها داوا لە سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ، كۆمیتەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و هەموو دامەزراوە پێوەندیدارەكان كراوە تا هەنگاوە یاساییە پێویستەكان بۆ لێپرسینەوە و سزاكردنی كۆماری ئیسلامیی ئێران بگرنەبەر.
لە كۆتایی بەیاننامەكەدا هاتووە، "بێدەنگی لە بەرانبەر بەكارهێنانی چەكە قەدەغەكراوەكان، ڕێگە بۆ دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە خۆش دەكات".