بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەكاتەوە كە باس لە كەمكردنەی تێچووی دەركردنی پاسپۆرت دەكەن و دەڵێت، وەزارەتی ناوخۆی عێراق هیچ بڕیارێكی لەو جۆرەی نەداوە.
سالار عەبدوڵا، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی پارێزگای سلێمانی ڕای گەیاند، ئەو هەواڵانەی باس لە كەمكردنەوەی ڕسووماتی دەرهێنان و نوێكردنەوەی پاسپۆرت دەكەن، هیچ بنەمایەكی ڕاستییان نییە.
ئاماژەی بەوە كرد كە نرخەكان وەك خۆیان ماونەتەوە و هیچ بڕیارێكی نوێ لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە لەو بارەیەوە دەرنەچووە.
ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ڕسووماتی پاسپۆرت ماوەی سێ ساڵە كراوەتە 91 هەزار دینار، ئەم نرخە پێوەندی بە گرێبەستێكی 10 ساڵەی نێوان حكوومەتی فیدراڵ و كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەتەوە هەیە.
دووپاتی كردەوە كە ئەگەر حكوومەت بیەوێت نرخەكە كەم بكاتەوە، دەبێت بۆ حەوت ساڵی داهاتوو قەرەبوویەكی دارایی زۆری ئەو كۆمپانیایە بكاتەوە، ئەمەش وادەكات كەمكردنەوەی نرخەكە لە ئێستادا كارێكی قورس بێت.
لەبارەى سەرچاوەی هەواڵەكە، عەمید سالار عەبدوڵا ئاشكرای كرد كە ئەوەی بڵاوكراوەتەوە تەنیا پێشنیازی پەرلەمانتارێك بووە بۆ حكوومەت، نەك پڕۆژە یاسا یان بڕیاری حكوومی.