ساوەر و بڕوێشی خۆمانە دەخرێتە بازاڕ

:: AM:11:39:20/07/2026 ‌
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رای دەگەیەنێت، دوای بەدواداچوونی تەواو لەگەڵ بەرپرسانی حكوومی، بڕیار درا ئەو دوو كۆمپانیایەی گەنمی جووتیاران وەردەگرن، لە هەمان كاتدا ئەو گەنمە بۆ بەرهەمی ناوخۆ بەكار بهێنن.

ئەمڕۆ دووشەم 20ـی تەمووز، سەید زەمان ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، دوای بەدواداچوون بۆ گەنمی جووتیاران و گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی حكوومی لە هەرێمی كوردستان، بڕیاری پێویست درا.

زیاتر گوتی، ئەو بڕە گەنمەی جووتیارانی هەرێمی كوردستان كە لەلایەن حكوومەتی فیدراڵیی عێراقەوە وەرنەگیراوە، لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە و لە ڕێگەی دەستەی وەبەرهێنان و بە هاوبەشی لەگەڵ هەردوو كۆمپانیای نیشتمانیی خۆماڵی (خۆشناو و قەیوان) بە تەواوی وەردەگیرێتەوە.

باسی لەوەش كرد، گەنمەكە بە نرخێكی زۆر گونجاو و باشتر لە نرخی بازاڕی ئازاد دێتە كڕین كە تەواو لە بەرژەوەندی و لە ئاست ماندووبوونی جووتیاراندایە، هەروەها ئەم گەنمە لە ناوخۆی هەرێمی كوردستاندا بۆ پیشەسازیی خۆراك و پێداویستییەكان بەكار دەهێنرێتەوە، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراك.

ئەمە لە كاتێكدایە بڕیارە ئەو دوو كۆمپانیایە لەو گەنمە ئارد و بڕوێش و ساوەر دروست بكەن و بیخەنەوە بازاڕەكانی كوردستان.


وشە - رامیار جەواد