وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە، گۆڕانكاری لە ماوەی كارایی ڤیزەی عومرەدا دەكات، لەمەودوا عومرەكاران دەتوانن بە یەك ڤیزە چەندان جار گەشت بكەن، بەڵام بە چەند مەرجێك.
ئەمڕۆ دووشەم 20ـی تەمووز، كاروان ستوونی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، وەزارەتی حەج و عومرەی سعوودیە بڕیاری داوە كە ماوەی كارایی ڤیزەی عومرە بكرێتە 365 ڕۆژ.
زیاتر گوتی، عومرەكار دەتوانێت لە ماوەی ئەو ساڵەدا چەند جارێك گەشت بە هەمان ڤیزە بكات، بەڵام كۆی گشتی ئەو ڕۆژانەی كە بۆی هەیە لە سعوودیە بمێنێتەوە، دەبێت لە 90 ڕۆژ زیاتر نەبێت.
باسی لەوەش كرد، ئەگەر عومرەكارێك بە كۆی گشتی گەشتەكانی 90 ڕۆژ لە سعوودیە مایەوە، ئەوا دەبێت بۆ گەشتی نوێ، سەرلەنوێ ڤیزە وەربگرێتەوە، تەنانەت ئەگەر ماوەی 365 ڕۆژی ڤیزەكەی پێشووشی تەواو نەبووبێت.
دەشڵێت، تایبەتمەندییەكی تری ڤیزەكە ئەوەیە كە لە وەرزی حەجدا كار بەو ڤیزەیە ناكرێت، واتە هاووڵاتی لە كاتی حەجدا ناتوانێت بە ڤیزەی عومرە داخلی سعوودیە ببێت هەرچەند ماوەی ڤیزەی عومرەكە كارا بێت.