بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر هۆشداری دەداتە خاوەن بەنزینخانەكان كە دەبێت ئەو نزینەی بە نرخی 850 دینار دەیفرۆشن هەمان كوالیتی بەنزینی پێشوو بێت و هەر سەرپێچییەك رووبەڕووی سزایان دەكاتەوە.
ئەمڕۆ دووشەم 20ی تەمووز، بە فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان و لە ڕێی نووسراوی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان نرخی بەنزین لە كوردستان دابەزی بۆ 850 دینار.
بە گوێرەی ئاگەدارییەكی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر، دووپات لەوە كراوەتەوە كە دەبێت بەنزینی 850 دیناری كوالیتی بەنزینی بازرگانی نۆرماڵ بێت و پێچەوانەی ئەوانە لێپرسینەوە دەكەن.
لە ئاگەدارییەكەدا هاتووە، هەر بەنزینخانەیەك پێچەوانەی بڕیارەكەی حكوومەت بجوڵێتەوە سزا دەدرێت و دادەخرێت.
هەروەها دڵنیایی داوە كە لیژنەكانیان چاودێری نرخ و كوالێتی دەكەن و رێگەنادەن قۆرخكاری لە بازاڕدا هەبێت.