ناونووسین بۆ حەج بەشێوەیەكی ئەلیكترۆنی دەستی پێ كرد، بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرە دەڵێت، هیچ بڕە پارەیەك لە هاووڵاتییان وەرناگیرێت.
ئەمڕۆ سێشەم 21ـی تەمووز، وریا بالیسانی بەڕێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند؛ ئەمڕۆ سیستمی ناونووسین بۆ پرۆسەی حەج لە سەعات 12ـی نیوەڕۆدا دەست پێ دەكات.
زیاتر گوتی، پرۆسەكە 15 رۆژ بەردەوام دەبێت، هەر هاووڵاتییان ئارەزووی هەیە، دەتوانێ ناوی خۆی تۆمار بكات بە مەرجێك دەبێت یوپێنی هەبێت كە ئەوەیش لە بانكەكان بۆ هاووڵاتییان دەكرێت.
باسی لەوەش كرد، ساڵی رابردوو 89 هەزار هاووڵاتی ناوی خۆیان نووسیبوو، ئەوانەی ماون لە ساڵی رابردوو لە رێگەی مۆبایلەكانیانەوە، دەتوانن دوای داخلبوونەوە بەناو بەرنامەكە، داواكەیان نوێ بكەنەوە.
ئاماژەی بەوەش كرد، بۆ ئەوەی هاووڵاتی بەتەمەن زیاتر سوودمەند بن، بۆ ئەمساڵ هەر كەسێك تەمەنی سەرووی 25 ساڵ نەبێت، ناتوانێ داواكاری پێشكەش بكات.