كونسوڵی فڕەنسا ماڵئاوایی كرد

:: PM:02:56:21/07/2026 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەیەوە وەك كونسوڵی گشتیی فڕەنسا لە هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە یان برێم، كرد.

لە دیدارێكدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سوپاس و پێزانینی پێشكەش بە برێم كرد بۆ خزمەت و ڕۆڵی بەرچاوی لەپێناو بەهێزكردنی پێوەندییەكان و دۆستایەتیی نێوان فڕەنسا و هەرێمی كوردستان، هەروەها هیوای سەركەوتنی لە ژیان و ئەرك و وێستگەی داهاتووی كاركردنیدا بۆ خواست.

لای خۆیەوە، برێم خۆشحاڵی و شانازیی خۆی بۆ كاركردنی لە هەرێمی كوردستان دەربڕی و سوپاس و پێزانینی بۆ نێچیرڤان بارزانی و دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان دووپات كردەوە بۆ ئەو پشتگیری و ئاسانكارییەی لە ماوەی ئەركەكەیدا پێشكەشیان كردووە.

دووپات كردنەوە لە خواستی دوولایەنە بۆ برەودانی زیاتر بە پێوەندییەكان و فراوانكردنی هاریكاریی هاوبەش، دۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی كوردستان و دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە، تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو.



وشە - وشه‌