سەردەستەی گرووپە ناڕازییەكەی سلێمانی "هەژماری من"ی پڕ كردەوە

:: PM:04:39:21/07/2026 ‌
دڵشاد میرانی ئەوەی سەردەستەی گرووپێكی ناڕەزایەتی بوو لە سلێمانی دژی هەژماری من و چەندان جاریش سەردانی دژەكانی كوردستانی لە بەغدا كردووە، هەژماری منی پڕ كردەوە. 

دڵشاد میرانی كە مامۆستایە و یەكێك بوو لەوانەی دژی پڕۆژەكە مانی گرتبوو، ئەمڕۆ لە فەیسبووكی خۆی بڵاوی كردەوە كە "بەڵێ بەئەوپەڕی سەربەرزیەوە هەژماری منمان پڕكردەوە"

ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە ئەوانەی بە ناوی هەڵبژاردن خەڵكیان فریودا، سەلماندیان كە بۆ كورسی و بەرژەوەندیی خۆیان ئامادەن هەموو بەهایەك ژێر پێ بنێن.

"ئەوانەی بانگەشەی ئیمان و پاكی و ئیسلامیان دەكرد، لە كاتی تاقیكردنەوەدا بێدەنگ بوون و یارییان بە متمانەی خەڵك كرد ئەمە جگە لە كۆنگرە یەك لەدوایەكەكانیان لەكاتی هەڵبژاردن بۆ فریودان" میرانی وای نووسیوە.

دووپاتیش دەكاتەوە كە مێژوو هەموو شتێك تۆمار دەكات، هەم خۆڕاگریی مامۆستای سەربەرز، هەم بێدەنگی و خۆفروشتنی ئەوانەی بەڵێنیان بە خەڵك دا و جێبەجێیان نەكرد.


وشە - وشه‌