سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەوروپا كرد، نێچیرڤان بارزانی هیوای سەركەوتنی لە ئەركی داهاتوویدا بۆ خواست.
ئەمڕۆ چوارشەم 22ـی تەمووز، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی كۆتاهاتنی ئەركەكەیەوە وەك بەرپرسی نووسینگەی یەكێتیی ئەوروپا لە هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ڕادو بوتوم كرد.
لە دیدارێكدا سەرۆكی هەرێمی كوردستان، سوپاس و پێزانینی پێشكەش بە ڕادو بوتوم كرد بۆ برەودان بە پێوەندییەكانی یەكێتیی ئەوروپا و هەرێمی كوردستان لە ماوەی ئەركەكەیدا، هەروەها هیوای سەركەوتنی لە ئەركی داهاتوویدا بۆ خواست.
لای خۆیەوە ڕادو سوپاس و پێزانینی ئاراستەی سەرۆك نێچیرڤان بارزانی و لایەنە پێوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان كرد، بۆ ئەو هاوكاری و پشتیوانییەی لە ماوەی ئەركەكەیدا پێشكەشیان كردووە، هەروەها دووپاتی لەسەر خواستی یەكێتیی ئەوروپا بۆ بەهێزكردنی پێوەندییەكان و هاریكاریی هاوبەش لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا كردەوە.