ترلیۆنێك و نیو دینار پارەی كارەبا لای هاووڵاتییانە.. 50%ی داشكاندن سوودی گەورە دەگەیەنێت

:: PM:03:40:22/07/2026 ‌
حكوومەتی هەرێمی كوردستان داشكانێكی گەورەی لە قەرزی كەڵەكەبووی كارەبا كە پێش پڕۆژەی رووناكی لای هاووڵاتییان بووە كرد، 50%ی قەرزەكەیان بۆ داشكاندن دەكات. 

لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان /هێشتا راگەیەنراوی فەرمی بڵاو نەكراوەتەوە/ بڕیاری لێخۆشبوون لە بەرژەوەندیی هاووڵاتییان درا بۆ قەرزی كەڵەكەبووی كارەبا لە پێش پڕۆژەی رووناكی، درێژكردنەوەی ماوەی لێخۆشبوونی 20%ی پارەی سەرپێچی هاتوچۆ.

بەپێی بە دواداچوونەكانی "وشە" پێش جێبەجێكردنی پڕۆژەی ڕووناكی، هاوبەشانی كارەبا بە هاوبەشی ماڵان و شوێنی بازرگانییەوە، زیاتر لە یەك تریلیۆن و نیو دینار قەرزی حكوومەتیان لایە، ئەو بڕەش هی سەرجەم پارێزگا و ناوچەكانی هەرێمی كوردستانە.

هاوبەشانی كارەبا لە هەرێمی كوردستان ملیۆنێك و 776 هەزار و 963 هاوبەشی تێپەڕاندووە، ئێستە كوردستان خاوەنی پڕۆژەی رووناكییە كە كارەبای 24 سەعاتی دابین دەكات، بەڵام لە رابردوودا بەهۆی ئەوەی رێكخستن بۆ كارەكە نەبووە، ئەو پارەیە لای خەڵك كەڵەكە بووە.



وشە - وشه‌