خاوەن موەلیدە لە هەولێر كارەبای هاووڵاتيیان دەبڕن.. تەنیا دوو رۆژ دەرفەت دەدەن

:: PM:03:55:22/07/2026 ‌
بەشێك لە موەلیدەكانی هەولێر  بەبیانووی نەدانی پارە و درەنگكەوتنی كە ماوەكەی لە دوو رۆژ تێناپەڕێت، كارەبای هاووڵاتییان دەبڕن، سەرۆكی ئەنجوومەنی موەلیدەكانیش دەڵێت، هیچ خاوەن موەلیدەیەك بۆی نییە كارەبای هاووڵاتییان ببڕێت.

بەهۆی كەمبوونەوەی كارەبای نیشتمانی، ماوەی دوو مانگە موەلیدەكانی هەولێر كەوتوونەتەوە كار و لەگەڵ دەستبەكاربوونیان، چەندان كێشەیان بۆ هاووڵاتییانی شاری هەولێر دروست كردووە.

لە گەڕەكی ئۆزاڵ ستی خاوەن موەلیدەكە لەسەر پسوولەكەی نووسیوە تەنیا دوای دوو رۆژ لەنەدانی پارەی كارەبای موەلیدە، راستەوخۆ كارەباكەتان دەبڕین.

ئەم بڕیارەی خاوەن موەلیدەكان چەندان كێشەی لێ كەوتووەتەوە و بەشێك لە هاووڵاتییان كە پێوەندیان بە "وشە"وە كردووە، باس لەوە دەكەن كە تا ئێستە چەندان جار كارەبایان بەو گەرمایە لەسەر بڕیون.

ئەو هاووڵاتییانە دەڵێن، خاوەن موەلیدە یەكجار دێتە بەردەرگا و ئەگەر لە ماڵ نەبوویت، كارەباكەت دەبڕن، جاریش هەیە لە ماڵیت، بەڵام نایەت ئاگادارت بكاتەوە و راستەوخۆ كارەباكەت دەبڕن.

"وشە" پێوەندیی بە خۆران خۆرانی سەرۆكی كۆمەڵەی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەكانەوە كرد و گوتی، هیچ خاوەن موەلیدەیەك مافی بڕینی كارەبای هاووڵاتییانی نییە، تەنیا ئەوكاتە نەبێت كە هاووڵاتییەكە چەند مانگێك قەرزار بێت.

لەبارەی ئەوەی كە بە چ رێنوێنییەك خاوەن موەلیدە لەسەر پسوولە دەنووسێت لە ماوەی دوو رۆژ پارە بدرێت، خۆرانی گوتی، ئەوە خاوەن موەلیدە كردوویەتی و بەدواداچوون دەكەن، ئەوە وەك سەرپێچی تۆماری دەكەن و لێپرسینەوەش دەكەن.

ماوەیەك بوو كوردستان بەهۆی كارەبای پڕۆژەی رووناكییەوە لە كێشەكانی موەلیدە دوور كەوتبووەوە، بەڵام بەهۆی شەڕی ئێران و هێرشی سەر كوردستان، كۆمپانیاكانی وەبەرهێنانی غاز كارەكانیان راگرتووە و كارەبا بەتەواوی كەم بووەتەوە، ئەمەش وایكرد جارێكی تر حكوومەت پەنا بۆ موەلیدەكان بباتەوە، بەڵام بەپێی مەرج و رێنوێنییەكان.





وشە - سۆران عەزیز