بە گوژمەی نزیكەی پێنج ملیار دینار، بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستكردنی شەقامێكی 20 مەتری و ئاوەڕۆی كۆنكرێتی بۆ شەقامەكە دانرا.
ئەمرۆ پێنجشەم 23ـی تەمووز، لە چوارچێوەی گرنگیدانی بەردەوامی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە كەرتی ڕێگەوبان و گەشەپێدانی ژێرخانی شارەكان، بە گوژمەی چوار ملیار و 772 ملیۆن و 995 هەزار دینار لەسەر بودجەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی پڕۆژەی دروستكردنی شەقامێكی 20 مەتری و ئاوەڕۆی سندووقی كۆنكرێتییان بۆ شەقامێكی ڕێگەی هەولێر - پیرمام دانا.
پڕۆژەكە پێكهاتووە لە دروستكردنی شەقامێكی 20 مەتریی نوێ بە شێوازێكی هاوچەرخ، بەدرێژی 870 مەتر و دروستكردنی ئاوەڕۆی سندووقی كۆنكریتی بە درێژیی 1580 مەتر، چەندان بڕگەی جۆراوجۆری تری خۆڵكاری و پڕكردنەوە و بڕین و تێكەڵە و ڕاخستنی بەردی شكاو و كیربستون و قیرتاوكردن و دروستكردنی شۆستە بە درێژیی 7200م2 .
ئەم پڕۆژە خزمەتگوزارییە ستراتیجییە، لە پاڵ ڕێكخستنی سیمای هەولێری پایتەخت و بەرزكردنەوەی ئاستی ڕێگەوبانەكان بەپێی ستانداردە جیهانییەكان، ڕۆڵێكی بنەڕەتی و گرنگ دەگێڕێت لە چارەسەركردنی بنەڕەتیی كێشەی كۆبوونەوەی ئاوی باران و ڕێگریكردن لە مەترسییەكانی لافاو لە ناوچەكەدا، ئەمەش هاوكارێكی گەورە دەبێت بۆ پاراستنی سەلامەتی هاووڵاتییان و دابینكردنی خزمەتگوزارییەكی شایستە و مۆدێرنی تر بۆ دانیشتووانی شاری هەولێر.