فەتوا لەبارەی فرۆشتنەوەی پسوولەی گەنم درا

:: PM:01:21:23/07/2026 ‌
لەلایەن لیژنەی فەتوا دووبارە فەتوا لەبارەی كڕین و فرۆشتن بە پسوولەی گەنم درا، تێیدا چەند مەرج و رێكارێك بۆ جووتیاران دیاری كراوە.

لیژنەی فەتوا لە هەرێمی كوردستان بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی كۆمەڵێكی زۆر لە هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، پرسیاریان كرد لەبارەی فرۆشتنەوەی ئەو پسوولەیەی كە حكوومەت دەیدا بە جووتیاران، بەمەبەستی دیاریكردنی ڕێژەی شایستەبوونیان لە وەرگرتنی گەنمەكانیان لە سایلۆكان و كڕینەوەی لەلایەن حكوومەتەوە، ئەنجوومەنی باڵای فەتوا لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا، دوای ڕاوێژكردن لەگەڵ پسپۆڕان لە وەزارەتی كشتوكاڵ و جووتیاران لەبارەی شێوەی ئەو پسوولەیە و چۆنیەتیی فرۆشتنەوەی، بەم شێوەیەی خوارەوە وەڵامی پرسیارەكەی دایەوە:

لەبەرئەوەی ئەم پسوولەیە كاڵایەكی دیاریكراو نییە و چەكیش نییە، بەڵكو تەنیا پەڕاوێكی فەرمییە و بەهۆی مافی فرۆشتنی بڕێك گەنم دەبەخشرێ بەجووتیاران، بۆیە بەشێوەی دەست لەسەر هەڵگرتن و تەنازولكردن لەو مافە بەرانبەر پارەیەك، دروستە مامەڵەی پێوە بكرێت، بەڵام بەم مەرجانەی لای خوارەوە :

1- باشتر وایە جووتیاران بەبێ بەرانبەر ئەو پسوولانە ببەخشن بە هاوپیشەكانی خۆیان لەو جووتیارانەی گەنمیان زۆر چاندووە وە زەوییەكانیان پان و فراوانە.

2- كڕیاری پسوولەكە پێویستە گەنمی هەرێمی كوردستانی ڕادەست بكات، نەك گەنم لە دەرەوەی وڵات بهێنێ و ڕادەستی سایلۆی بكات بەهۆی ئەو پسوولانەی كە دەیانكڕێتەوە .

3- ئەسڵ وایە بەشێوەی فرۆشتن نەبێت، بەڵكو بەشێوەی دەست لەسەر هەڵگرتن و تەنازول بێت لەو مافە ” رفع الید” مانای: جووتیار بڵێت: دەستم لەسەر ئەو پسوولەیەی خۆم هەڵگرت كە مافی خۆمە بۆ (تۆ) لە بەرانبەر ئەو بڕە پارەیە.

4- حكوومەت ڕازی بێت و ڕێگر نەبێت لە مامەڵە پێوەكردنی .

5- پێویستە جووتیار فرۆشتنەوەی ئەو پسوولەیە نەكاتە پیشەی ساڵانەی خۆی و بەو هۆیەشەوە زەوییەكەی فەرامۆش بكات.

6- پێویستە خاوەنی ئەو پسوولەیە جووتیاری فیعلی و فەرمی كوردستان بێت.



وشە - رامیار جەواد