ئەحمەد هۆشیار: ئاسمانی هەولێر بە تەواوی كراوەیە و فڕۆكەخانەش بەردەوامە لە پێشوازیكردن لە گەشتیاران

:: PM:01:39:25/07/2026 ‌
بەڕێوەبەرایەتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەت دەكاتەوە كە باس لە داخستنی فڕۆكەخانەكە لە شەواندا یان گواستنەوەی گەشتە ئاسمانییەكانی شەو بۆ كاتی رۆژ دەكەن و دووپاتی دەكاتەوە، فڕۆكەخانەكە بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕووی گەشتیاراندا كراوەیە.

ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر رای گەیاند، "ئەو دەنگۆیانەی باس لە گواستنەوەی سەرجەم گەشتەكانی شەوانە بۆ كاتی رۆژ دەكەن، بە تەواوی دوورن لە راستییەوە و هیچ بنەمایەكی فەرمییان نییە."

بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەكە گوتیشی، رەنگە كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی بەهۆی هۆكاری تەكنیكییەوە كاتی گەشتەكانیان بگۆڕن كە ئەمەش حاڵەتێكی ئاساییە، بەڵام هیچ بڕیارێك لە ئارادا نییە بۆ قەدەغەكردنی گەشتەكانی شەو یان گواستنەوەی گەشتەكانی شەوانە بۆ رۆژ.

 هەروەها دووپاتی كردەوە، ئاسمانی هەولێر بە تەواوی كراوەیە و فڕۆكەخانەش بەردەوامە لە پێشوازیكردن لە گەشتیاران و كۆمپانیاكانی فڕۆكەوانی.

لەبارەی دواكەوتن یان راگرتنی بەشێك لە گەشتە ئاسمانییەكان لەلایەن چەند كۆمپانیایەكەوە، ئەحمەد هۆشیار ئاماژەی بەوە كرد، كۆمپانیاكان زۆرجار بەهۆی هۆكاری جیاواز و تایبەت بە خۆیان گەشتەكانیان بەشێوەیەكی كاتی رادەگرن. 

ئاشكراشی كرد، ئێستە بەشێك لەو كۆمپانیایانە گەشتەكانیان ڕاگرتووە، بەڵام لە ڕۆژانی داهاتوودا بەشێوەیەكی ئاسایی دەست بە گەشتەكانیان دەكەنەوە.



وشە - سۆران عەزیز