بەرگریی شارستانی هۆكارەكانی سووتانی ئۆتۆمبێلی لە هاوینان راگەیاند

:: PM:05:20:25/07/2026 ‌
بەرگریی شارستانیی هەولێر داوا لە شۆفێران دەكات مەرجەكانی سەلامەتی جێبەجێ بكەن، بۆ دووربوون لە هەر ڕووداوێكی نەخوازراو و سووتانی ئۆتۆمبێل لە وەرزی هاویندا.

ئەمڕۆ شەموو 25ی تەمووز، بەرگریی شارستانیی هەولێر لەبارەی سووتانی ئۆتۆمبێل لە وەرزی هاوین چەند هۆكارێكی خستە ڕوو، لەوانە بەرزبوونەوەی مەترسیداری پلەی گەرمیی بزوێنەر بەهۆی لەكاركەوتنی سیستمی ساردكەرەوە یان كەمیی ئاوی ڕادێتەر، هەروەها دزەكردنی بەنزین و ڕۆنی مەكینە بۆ سەر بەشە گەرمەكانی ئۆتۆمبێلەكە.

باس لەوە كراوە كە كێشە كارەباییەكان كە تێكچوون و داخورانی وایەرەكان لەگەڵ بوونی گەرمادا، دەبنە هۆی دروستبوونی پڕیشكی كارەبایی.

هەرەك دووپات لە مەترسیی بەجێهێشتنی كەرەستە گڕگرتووەكانی وەك چەرخ، بۆن، بوتڵی بەتاڵ، پاوەربانك و مۆبایل لەناو ئۆتۆمبێلدا كە لەژێر تیشكی ڕاستەوخۆی خۆردا مەترسیی گڕگرتن و سووتانیان لێ دەكرێت.

بەڕێوەبەرایەتییەكە ڕێنوێنی شۆفێران دەكات كە پێویستە هەموو ئۆتۆمبێلێك ئامێری ئاگركوژێنەوەی دەستیی تێدابێت، هەروەها لە كاتی ڕوودانی هەر حاڵەتێكی نەخوازراودا، بە زووترین كات پێوەندی بە ژمارەكانی (115) یان (125)ی بەرگریی شارستانییەوە بكەن.


وشە - وشه‌