نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەیەكی گونجاو و خێرا بۆ كێشەی كەمیی بەنزین و رێگریكردن لە بەرزبوونەوەی نرخەكەی، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەسەر ئاستی باڵا ساز دەكەن.
كەناڵی كوردستان24 لەسەر زاری سەرچاوەیەك لە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڵاوی كردەوە، ئامادەكاری بۆ بەڕێوەچوونی كۆبوونەوەیەكی باڵا لە نێوان نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت و لایەنە پێوەندیدارەكانی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان دەكرێت، تا لە زووترین كاتدا رێوشوێنی پێویست بۆ چارەكردنی كێشەی بەنزین بخرێتە واری جێبەجێكردنەوە.
بەگوێرەی هەواڵەكە، لەم كۆبوونەوەیەدا لێكۆڵینەوەی ورد لەسەر چەند پێشنیاز و تەوەرێكی سەرەكی دەكرێت، لەوانەش: زیادكردنی بڕی بەنزینی هاوردەكراوی رۆژانە بۆ ناوخۆی هەرێم و داڕشتنی میكانیزمێكی گونجاو كە دادپەروەری لە دابەشكردنی سووتەمەنیدا مسۆگەر بكات.
یەكێكی تر لە تەوەرە سەرەكییەكانی گفتوگۆكە، پێشنیازی دابەشكردنی بەشە بەنزینە لە رێگەی "كارتی ئەلیكترۆنی بەنزین"، بە مەبەستی رێگریكردن لە قۆرخكاری و دڵنیابوونەوە لەوەی كە سەرجەم شۆفێران بە یەكسانی سوودمەند دەبن.