لەسەر گۆڕینی كاركردنی كەناڵەكە و دەركەوتنی وەك كەناڵێكی سەر بە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان هەڵوەرین لە كەناڵەكەی شاسوار بەردەوامە و بێژەرێكی دیاری ئەو كەناڵە وازهێنانی راگەیاند.
خالید كاوە بێژەری دیاری كەناڵی نالیا بڵاوی كردەوە، "دوای نزیكەی چوار ساڵ كاركردن لە كەناڵی نالیا دەستلەكاركێشانەوەی خۆم ڕادەگەیەنم".
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە دوای رێككەوتنی نەوەی نوێ و یەكێتی، كەناڵەكانی شاسوار وەك لقی دووەمی كەناڵەكانی یەكێتی دەردەكەون، ئەوەیش زۆرێك لەكارمەندەكانی نیگەران كردووە و چاوەڕێ دەكرێت بەشێكی زۆریان واز بێنن.
لەگەڵ ئەوەیشدا بۆ شاردنەوەی ئەو پارەی كە لە یەكێتی وەرگیراوە، ماوەی چەند مانگێكە دۆخی بڕینی مووچە لە كەناڵی نالیا دەركەوتووە و مانگانە 15%ی مووچەكانیان دەبڕن بۆ ئەوەی بڵێن كەناڵەكە لە تەنگژەی داراییدایە.
كەناڵی نالیا سەر بە شاسوار عەبدولواحید بوو، بەڵام ئێستە وەك بەشێك لە میدیای یەكێتی دەردەكەوێ و ئەوەیش كارمەندە دڵسۆزەكانی نیگەران كردووە.