سوپای ئێران بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکانی سەر هەولێر ڕاگەیاند

:: PM:11:40:25/07/2026 ‌
ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو 25ی تەمووزی 2026، سوپای ئێران بە فەرمی بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکانی سەر شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند و گوتەبێژی سوپاکە ئاشکرای کرد، کە زیانێکی گەورەیان بە بنکەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە گەیاندووە و بەتایبەتی لە شاری هەولێر، ژێرخانی ئەمەریکایان "نزیکەی بەتەواوی" وێران کردووە و توانای ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنیان لەدەست داوە.

عەمید محەمەد ئەکرەمی نیا، گوتەبێژی سوپای ئێران، لە لێدوانێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕای گەیاند، سوپاکەیان "زیانێکی گەورە"ی بە بنکەکانی ئەمەریکا لە چەند وڵاتێکی ناوچەکە گەیاندووە و گوتیشی، زۆربەی ئەم بنکانە، لە ڕووی ئۆپراسیۆنەوە، توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکانی پێشوویان لەدەست داوە، بەتایبەتی لە شاری هەولێر.

گوتەبێژەکە دووپاتی کردەوە، ژێرخانی ئەمەریکا لە هەولێر نزیکەی بەتەواوی وێران کراوە و لە ئەنجامدا توانای دەستپێکردنی هیچ ئۆپراسیۆنێکی نەماوە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکام) لە 19ی ئەم مانگەدا ڕای گەیاندبوو، کە سەربازێکی ئەمەریکی کوژراوە و یەکێکی تریش بریندار بووە لە کاتی پرۆسەیەکی تەقاندنەوەی کۆنترۆڵکراوی تەقەمەنیی نەتەقیوەدا کە لەلایەن فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئێرانییەوە لە هەولێر بەجێهێڵدرابوو.

هێرشەکانی ئێران هاوکات بوون لەگەڵ بەئامانجگرتنی بەردەوامی بارەگا و کەمپی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی، لەگەڵ هێرشکردنە سەر ئەو پێگانەی کە هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایان تێدایە، ئەمەش هاوشانە لەگەڵ فراوانبوونی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی نێوان تاران و واشنتن.

شایەنی باسە، هەرێمی کوردستان لە ماوەی نێوان 28ی شوبات و 20ی نیسانی 2026دا، شایەتحاڵی شەپۆلێکی پەرەسەندنی تەناهی بێوێنە بوو، کە 809 هێرشی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تێدا تۆمار کرا. بەپێی ڕاپۆرتێکی فەرمیی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو هێرشانە بریتی بوون لە 701 هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و 108 هێرشی مووشەکی، کە پێگەی مەدەنی، دامەزراوەی گرنگ و کەرتی تایبەتیان کردبووە ئامانج.

ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە شاری هەولێر زۆرترین زیانی بەرکەوتووە و 477 هێرش لەسەر خاکەکەی تۆمار کراوە. ئەو هێرشانە بوونەتە هۆی کوژرانی 20 کەس و برینداربوونی 123ی تر، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی کە هەرێمی کوردستان بێلایەنیی خۆی بەرانبەر بە ململانێ هەرێمییەکان ڕاگەیاندووە.


وشە - پۆڵا مەحموود