لە رۆژانی داهاتوودا بەنزین بە سیستمێكی نوێ دابەش دەكرێت، لەمەودوا بەكارتی غازی ماڵان دابەش دەكرێت و بۆ هەر خێزانێك یەك ئۆتۆمبێل بۆی هەیە وەریبگرێت، بڕەكەشی تەنیا 40 لیترە.
ماوەی هەفتەیەكە بەنزین لە هەرێمی كوردستان بووەتە كێشەیەكی گەورە و بەشێكی زۆر بەنزینخانەكان لەسەر تابلۆكانیان نووسراوە نەماوە، ئەوەشی هەیەتی كوالێتییەكی زۆر خراپە.
ئەگەرچی حكوومەت بەنزینی پاڵپشتیكراو رۆژانە لە شارەكان دابەش دەكات، بەڵام ئەو بڕە كێشەكانی چارەسەر نەكردووە و ئەوەش وایكردووە خەڵك بەدەست نەبوونی بەنزینەوە گیرۆدە بن.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، پێشنیاز كراوە رێكاری نوێ بگیرێتەبەر و ئێستە بەڕێوەبەرایەتیی نەوت و كانزاكانی هەولێر، خەریكی وردەكاریی بەرنامەكەن، هاوكات خەریكی تۆماركردنی ئەو ئۆتۆمبێلانەن كە لە بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێردا تۆمار كراون.
بەپێی زانیارییەكان، كۆمپانیایەك كارەكە دەكات و لە كۆتایی ئەم هەفتەیە رێكارە نوێیەكە جێبەجێ دەكرێت.
سیستمە نوێیەكە بریتییە لەوەی هەموو ئۆتۆمبێلەكان تەنیا بە كارت بەنزینیان پێ بدرێت، كارتەكەش هەمان كارتی غازی ماڵانە.
"وشە" زانیویەتی ئەگەر هەر ماڵێك چەند ئۆتۆمبێلێكیان هەبێت، تەنیا یەك ئۆتۆمبێل تۆمار دەكرێت و ئەو ئۆتۆمبێلەش بۆی هەیە لە هەفتەیەكدا سێ جار بەنزین تێبكات، هەر جارێكیش بڕەكەی 40 لیترە.
ئەم سیستمە وادەكات تەنیا ئۆتۆمبێلی تۆماركراو بەنزینی پاڵپشتیی پێ بدرێت، ئەو ئۆتۆمبێلانەشی كە خاوەنەكەیان عەرەبن یان بیانین، بۆیان نییە بەنزین وەربگرن.
كوردستان رۆژانە پێویستی بە زیاتر لە شەش ملیۆن لیتر بەنزین هەیە.
حكوومەت ڕۆژانە بڕی ملیۆنێك و 700 بۆ ملیۆنێك و 800 هەزار لیتر لە ڕێگەی كۆمپانیاكانی پاڵاوگەكانی كار و لاناز بەرهەم دەهێنێت و بە 750 دینار دابەش دەكرێت.
ڕۆژانە بە تێكڕا 24 تانكەر بەنزینی 750 دیناریی بۆ پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سۆران دابین دەكرێت، پارێزگای دهۆك و زاخۆ 11 تانكەر، هەروەها سلێمانی و هەڵەبجەش 11 تانكەر. ئێستە ڕۆژانە نزیكەی 10 تانكەری 850 دیناریش دابەش دەكرێت.
لە ڕۆژانی ڕابردووش بەردەوام بەنزینی 750 دیناری زیاتر دابین كراوە، هەندێك ڕۆژ لە هەولێر گەیشتووەتە 40 تانكەر و لە دهۆك گەیشتووەتە 20 تانكەر.