نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە بۆنەی دەستبەكاربوونی و بۆ خۆناساندن، پێشوازیی لە ئیون گیوو شیم كونسوڵی گشتیی نوێی كۆماری كۆریای باشوور لە هەرێمی كوردستان كرد.
لە دیدارێكدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پیرۆزبایی دەستبەكاربوونی لە كونسوڵی گشتیی نوێی كۆریا كرد و هیوای سەركەوتنی لە ئەركەكەیدا بۆ خواست؛ هەروەها ئامادەییی تەواوی لایەنە پێوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستانی بۆ هاوكاری و ئاسانكاری لەپێناو سەرخستنی ئەركەكەی دەربڕی.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان وێڕای دووپات كردنەوەی سوپاس و پێزانین بۆ هاوكارییەكانی كۆریای باشوور، دووپاتی لەسەر خواستی هەرێمی كوردستان بۆ بەهێزكردنی پێوەندییەكان لەگەڵ كۆریا و فراوانكردنی ئاسۆكانی هاوكاریی هاوبەش لە سەرجەم كایەكاندا كردەوە.
لای خۆیەوە، ئیون گیوو شیم وێڕای ستایشكردنی ڕۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە بەرەوپێشبردنی پێوەندییەكانی هەردوولا، خۆشحاڵیی خۆی بۆ دەستپێكردنی ئەركەكەی لە هەرێمی كوردستان دەربڕی و دووپاتی لەسەر بەردەوامیی هەوڵەكانی بۆ برەودانی زیاتر بە پێوەندییەكان كردەوە.