وەزارەتی كارەبا كاتی دەستپێكردنی دانەوەی داشكانی 50٪ بۆ قەرزی كۆن ڕادەگەیەنێت

:: PM:12:04:28/07/2026 ‌
وەزارەتی كارەبا رای دەگەیەنێت، داشكاندنێكی ناوازەی یەكجارە بەڕێژەی تا 50% بۆ قەرزی كۆنی پێش ڕووناكی كە جێبەجێ دەكرێت لە نێوان سێی ئاب بۆ 10ی ئەیلوولی 2026.

ئەمڕۆ سێشەم 28ـی تەمووز، وەزارەتی كارەبا بڵاوی كردەوە، داشكاندنێكی ناوازەی یەكجارە بەڕێژەی تا 50% بۆ قەرزی كۆنی پێش ڕووناكی كە جێبەجێ دەكرێت لە نێوان سێی ئاب بۆ 10ی ئەیلولی 2026.

ئاماژە بەوەش كراوە، داشكانەكە تەنیا قەرزی كۆنی پێش ڕووناكی دەگرێتەوە و پارەی پسوولەكانی ڕووناكی ناگرێتەوە، بۆ سوودمەندبوون لەم داشكاندنە، هاوبەشان پێویستە بەیەكجار تەواوی بڕی داشكێنراوی قەرزی كۆنی پێش ڕووناكی بدەن.

روون كراوەتەوە، وەك بەشێك لە ئامادەكارییە تەكنیكییەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەم داشكاندنە، پارەدانی كارەبا لە ڕێگەی ئی-پسوولە و هۆبەكانی فرۆشیاری وزە بۆ ماوەیەكی كاتی بەردەست نابێت لە نێوان 30 تەمووز بۆ سێی ئاب.

بۆیە داوا لە هاوبەشان دەكرێت كە پارەی پسوولەكانی ڕووناكی پێش 30ی تەمووز بدەن، بەر لەوەی خزمەتگوزاریی پارەدان بۆ ماوەیەكی كاتی بوەستێت. ئەمەش بۆ لەبەرچاوگرتنی ماوەی پارەدانی 50 ڕۆژی كارەبایە كە دەبێتە هۆی دادپەروەری لە پرۆسەی پارەدان لە نێوان هاوبەشاندا.

ئەم داشكاندنە بۆ دوایین جارە ئەنجام بدرێت لەسەر قەرزی كۆنی پێش ڕووناكی كە تێیدا هاوبەشانی پڕۆژەی ڕووناكی و دەرەوەی ڕووناكی، دەتوانن بەم ڕێژانە سوودمەندبن:

- 50٪ داشكاندن بۆ هەموو هاوبەشانی ماڵان و كشتوكاڵی.

- 25٪ داشكاندن بۆ هەموو هاوبەشانی پیشەسازی، بازرگانی و میری جگە لەو هاوبەشانەی كە فیدەری تایبەت بەخۆیان هەیە.




وشە - رامیار جەواد