دەزگای سەنگەر و پێشمەرگە بە هاوئاهەنگی لقی 10ی پارتی لە شارۆكەی سۆران یادی 53 ساڵەی داستانی هندرێنی بەرز راگرت.
53 ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر داستانی هەندرێن، ئەو داستانەی 150 پێشمەرگەی پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبی شیوعی تۆماریان كردو توانیان هێرشی پێنج هەزار سەربازی پڕچەك و مەشق پێكراوی ئەوكاتەی عێراق بە خوێنی سێ پێشمەرگە تێكبشكێنن.
سەمیر نزاری بەرپرسی دەزگای سەنگەر و پێشمەرگە بە "وشە"ی راگەیاند، ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حزبی و حكوومی و لەشكری و پێشمەرگە قارەمانەكان و كەسوكاری شەهیدان لە هۆڵی بۆنەكانی سۆران یادی 53 ساڵەی سەركەوتنی داستانی هندرێنمان كردەوە.
لە لای خۆیەوە كرمانج عزەت قایمقامی شارۆكەی سۆران بۆ "وشە" گوتی، 53 ساڵ بەر لە ئێستە و لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆ 12ی ئایاری ساڵی 1966 شۆڕشی ئەیلوول بە سەرپەرشتی "ئیدریس بارزانی" لە چیای هندرێن هێرشیان كردە سەر دووژمن و توانیان سەركەوتنی مەزن تۆمار بكەن و لە ماوەی چەند سەعاتیكدا دووژمن بەتەوای بشكێنن.
ڕوونیشی كردەوە كە لە ماوەی ئەو چەند رۆژەی رژێمی لێخراوی بەعس لە چیای هندرێن مابوونەوە توانیبوویان 95 سەنگەری سەربازی دروست بكەن، بەڵام زوو لەناو بران و نزیكەی 400 كوژراویان هەبوو.
بە درێژای مێژوو دەڤەری سۆران مەڵبەندی هەڵگیرسانی شۆڕشەكان بووە و كاریگەری تەواوی هەبووە لە گۆڕانكارییەكان، سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان لەو دەڤەرە جێگیر بووە، لە رووی پێكهاتەی جوگرافیایەوە بەو پێیەی ناوچەیەكی شاخاوی بووە ئەمەیش سوودی زۆری هەبووە بۆ خەباتی شاخ.
سۆران/ موڕشید برادۆستی