ئەمڕۆ هەموو چاوەكانی دنیا لەسەر یاریگەی مۆنجۆیك دەبێت، چونكە ریاڵ مەدرید دەبێتە میوانی بارسا، 70 هەزار هاندەری ناو یاریگە و ملیۆنان هاندەر لە دەرەوە بە دیار شاشەكانەوە، 90 خولەك دادەنیشن.
ئەم یارییە بۆ بارسا هەم بەبردنەوەی یارییەكە قەرەبووی دۆڕانی بەرانبەر ئینتەرمیلان دەكاتەوە، هەمیش هەلێكی زۆر گەورەی دەبێت بۆ ئەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا لە بەرژەوەندیی خۆی یەكلا بكاتەوە، بەوپێیەی بردنەوەی یارییەكە لەلایەن بارساوە جیاوازیی هەردوو تیپ، دەكاتە حەوت خاڵ و تەنیا سێ گەڕ دەمێنێت، یارییەكانی ئەم وەرزەی خولەكە بەكۆتایی بێن.
بارسەلۆنا لە دوایین سێ كلاسیكۆدا لە ریال مەدریدی بردووەتەوە و 15 رۆژ لەمەوبەریش نازناوی جامی شای ئیسپانیای لەو یانەیە وەرگرت، كاتێك بە سێ گۆڵ بەرانبەر دوو گۆڵ سەركەوتنی بەرانبەر یانەی شاهانە بەدەست هێنا.
لە بەرانبەردا یانەی ریال مەدرید ئامادەكارییەكی زۆری بۆ ئەم یارییە كردووە و چاوی لەوەیە بە ئەنجامێكی باشەوە بگەڕێتەوە مەدرید.
یارییەكە بۆ هەردوو یانە قورسایی و تایبەتمەندیی خۆی هەیە، بۆ بارسا بردنەوە مانای بردنەوەی لالیگایە و گۆشتەونكردنی ئەو شكستەیە كە بەرانبەر ئینتەر تووشی بوو، بۆ ریاڵ یاریی تۆڵەیە و دەیەوێت برینەكانی بارسا قووڵ بكاتەوە و تۆڵەی سێ كلاسیكۆی رابردووشی لێ بكاتەوە و كێبەركێی لالیگا درێژە پێ بدات.
یارییەكە سەعات 17:15 خولەك لەسەر یاریگەی مونجۆیك لە بارسەلۆنا بەڕێوە دەچێت، 70 هەزار هاندەر لە یاریگەدا بینەری یارییەكە دەبن و ملیۆنان هاندەریش لە هەموو دنیا چاوەڕێی رووبەڕووبوونەوەیەكی مێژوویی نێوان هەردوو تیپدا دەكەن.