"هیچ رێگرییەك بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو نییە بەو مەرجەی نەخۆش نەبێت"

:: PM:09:06:03/12/2023 ‌

د. فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر چەند پرسێكی تایبەت بە گۆشتی سوور و زیندە قەپان، باس لەوە دەكات كە نرخی زیندە قەپان بۆ هەموو جۆرەكانی ئاژەڵ بەرز بووەتەوە، بەڵام لە وەرزی بەهاردا بەرخی خۆماڵی پێ دەگا و نرخەكەی هەرزان دەبێتەوە.

* ئێستە نرخی ئاژەڵی زیندە قەپان لە رووی گرانی و هەرزانییەوە چۆنە؟

نرخی ئاژەڵی زیندە قەپان بە بەراورد بە دوو مانگی رابردوو كەمێك گران بووە، هۆكارەكەی ئەوەیە لە هەرێمی كوردستان بەرخی خۆمانە لە سەرەتایەتی و گەورە نەبووە، بۆ ئەوەی بخرێتە بازاڕەوە و پێویستیی ناوخۆ پڕ بكاتەوە، ئەوەش وا دەكات نرخی زیندە قەپان گرانبێت.

*نرخی ئێستەی زیندە قەپان بەپێی جۆرەكانی ئاژەڵ چەندە؟

مەڕ كیلۆی لە پێنج بۆ شەش هەزار دینارە، بزن كیلۆی پێنج هەزار و 750 دینارە، گیسك كیلۆی هەشت هەزار و 250 دینارە، كاوڕ كیلۆی نۆ هەزار و 500 دینارە، كاوڕی سووری كیلۆی هەشت هەزار دینارە، گۆلكی نێر كیلۆی حەوت هەزار و 500 دینارە، گۆلكی مێ كیلۆی حەوت هەزار دینارە، چێڵ كیلۆی هەشت هەزار دینارە، سەرحی كیلۆی نزیكەی 11 هەزار دینارە، هەموو ئەوانە لە چەند مانگی رابردوو كیلۆی 500 بۆ هەزار دینار كەمتر بوو.

*كاریگەریی ئەو گرانبوونەی گۆشتی زیندە قەپان لەسەر نرخی گۆشت لە بازاڕ چۆن بووە؟

نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕ هەر بەو نرخەیە كە پێشتر دیاری كراوە، هەیانە لە خوار ئەو نرخە دەیفرۆشێت و ئەوە پێوەندی بە شوێنەكە هەیە، بەڵام لەو نرخەی كە دیاری كراوە زیاتر نییە.

*هۆكاری گرانبوونی نرخی زیندە قەپان چییە؟

بەرخی ناوخۆ لە زستاندا نامێنێت و بچووكە بۆ گۆشت سوودی نییە، هەموو ساڵێك لە مانگی تشرینی دووەم ئەوە روودەدات كە نرخی زیندە قەپان كەمێك بەرز دەبێتەوە، هۆكارێكی تر ئەوەیە ئاژەڵی هاوردە گران بووە، واتە لە دەرەوە زیندە قەپان گران بووە، هۆكاری تریش پێوەندیی بە نرخی دۆلار بەرانبەر بە دینارەوە هەیە، ئەمە وای كردووە كاریگەری لەسەر هاوردە هەبێت و نرخەكە گران بێت.

*دەتوانن كۆنترۆڵی بازاڕ بكەن بۆ ئەوەی نرخەكەی زیاتر گران نەبێت؟

هەموو دەرگەكان بۆ هاوردەكردن كراونەتەوە و هیچ رێگرییەك بۆ هاوردەكردنی ئاژەڵی زیندوو بە هەموو جۆرەكانییەوە و لە هەر وڵاتێك نییە، تەنیا مەرج و رێنوێنی ئەوەیە كێشە و نەخۆشی تەندروستی لەو وڵاتەی كە لێوەی هاوردە دەكرێت نەبێت، بۆیە بازرگانان لە هەر شوێنێك و هەر وڵاتێكەوە دەتوانن ئاژەڵ هاوردە بكەن، ئەوەش لە بەرزبوونەوەی نرخی گۆشتی سوور رێگر دەبێت، دووپاتی دەكەینەوە كە هیچ رێگرییەك لە هاوردەكردن نییە.

* هیچ وڵاتێك هەیە كە بەهۆی نەخۆشییەوە هاوردەكردنتان لێیەوە وەستاندبێت؟

بەڵێ، چەندان وڵات هەیە بەهۆی ئەوەی نەخۆشییان تیادا بڵاوە هاوردەكرنی ئاژەڵی زیندووی لێوە قەدەغەیە، بەڵام هیچ وڵاتێكی دراوسێی هەرێمی كوردستان گرفتیان نییە و لێیانەوە هاوردە دەكرێت، كاتێك هەر وڵاتێك رووبەڕووی نەخۆشی دەبێتەوە، رێكخراوی تەندروستی جیهانی رێنوێنی و ئاگەداری بڵاو دەكاتەوە و هاوردەكردن تیایدا قەدەغە دەكرێت.

*تا چەند ئاژەڵی ناوخۆ پێویستی هەرێمی كوردستان لە گۆشت پڕ دەكاتەوە؟

ئەو ئاژەڵانەی كە لە ناوخۆ هەن، بە شێوەیەكی بەردەوام لە 55%ی پێویستی ناوخۆ پڕ دەكەنەوە، بۆ دابینكردنی ئەوەشی دەمێنێتەوە پشت بە هاوردەكردن دەبەسترێت، واتە هاوردەكردن 45%ی پێویستیی ناوخۆیی هەرێمی كوردستان پڕ دەكاتەوە.

* خەڵكی هەرێمی كوردستان ساڵانە چەند گۆشتی سوور دەخۆن؟

ئەوە شتێكە دیار نییە، چونكە چەند ئاژەڵ لە كوشتارگەكان سەر دەبڕدرێت ئەوەندەش لە دەرەوە، بەڵام بەپێی ئەو ستانداردەی كە دیاری كراوە، ساڵانە هەر تاكێكی هەرێمی كوردستان پێویستی بە نزیكەی 15 كیلۆ گۆشتی سوور هەیە، واتە هەر كەسێك ساڵانە 15 كیلۆ گۆشتی سوور دەخوات، هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستانیش وەك یەك پێویستییان بە گۆشتی سوور هەیە.

*ئەگەر بۆ ئەمساڵ كەمبارانی هەبێت و لە بەهاردا وەك پێویست لەوەڕ نەبێت، كاریگەری لەسەر نرخ چۆن دەبێت؟

هیوادارین ئەوە روونەدات، هەموو ساڵێك لە وەرزی بەهار بەرخی ناوخۆ پێ دەگات و ئامادەی بردنە بازاڕە بۆ ئەوەی پێویستیی ناوخۆی گۆشت پڕ بكاتەوە، ئەوەش وا دەكات نرخی زیندە قەپان هەرزان ببێتەوە، بەڵام لەم كاتەدا نرخی كا و عەلەف گرانە، ئەوەش هۆكارێكی تری گرانیی نرخی ئاژەڵ و گۆشتە.

دیمانەی/ هۆشیار عەلی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل