لە دیمانەیەكی تایبەتدا كە لە وڵاتی ئیمارات لەگەڵ تەلەڤزیۆنی ئەلعەرەبییە حەدەس كردوویەتی، مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، وەڵامی پرسیارەكانی پێشكەشكار دەداتەوە كە كۆمەڵێ تەوەری هەمەلایەن لەخۆ دەگرێت، لە سەروو هەموویانەوە پێوەندیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و كورد لە ڕۆژئاوای كوردستان و ئەگەری هەبوونی پێوەندی هەرێمی كوردستان بە ئیسرائیلەوە و زۆر بابەتی تر.
هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا
لە بارەی پێوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا، مەسروور بارزانی بە پێوەندییەكی پتەو وەسفی كرد و گوتی، په‌یوه‌ندییه‌كی باش له نێوان هه‌رێمی كوردستان و ئه‌مه‌ریكادا هه‌یه و ئەمەریكا پشتیگریی به‌هێزی عێراق و هه‌رێمی كوردستانی كردووە له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی داعش و تیرۆر به گشتی. ئەوان له ساڵی 2003 وه هاوكاری پێشكه‌ش به عێراق دەكەن.
ئەوەش دەخاتە ڕوو، هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌موو دامه‌زراوه كاریگه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكادا پێوه‌ندییه‌كانی پتەوە و سوپاسی هاوكارییه‌كانیان دەكەم كە زۆر گرنگن بۆ هەرێمی كوردستان، ئێمە له شه‌ڕی دژی تیرۆر له پاڵ ئه‌مه‌ریكادا وه‌ستاین و شه‌ڕی تیرۆرمان كرد، جیا لەوەش ئه‌مه‌ریكا ڕۆڵی هه‌بووه له په‌ره‌پێدانی هه‌رێمی كوردستاندا.
هەرێمی كوردستان و هێزی هاوپەیمانان
مەسروور بارزانی سەبارەت بە مانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئه‌م بڕیاره پێوه‌ندیی به ئه‌مه‌ریكییه‌كانه‌وه هه‌یه كه ئاخۆ هێزه‌كانیان له هه‌رێمی كوردستان ده‌هێڵنه‌وه و چۆنی دەهێڵنەوە. پلانی یه‌كه‌م به‌م شێوه‌یه بوو كه هێزه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی له كۆتاییه‌كانی ساڵی 2025 عێراق جێ بهێڵن و به‌شێكی ئه‌م هێزانه‌ش تاو كۆتایی ساڵی 2026 له هه‌رێمی كوردستاندا بمێننه‌وه، به‌ڵام ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ی له ماوه‌ی چه‌ند مانگی ڕابردوودا ڕوویان دا، پێم وایه هه‌ڵوێستی عێراقیشیان له‌م باره‌وه گۆڕیوه، بۆیه پێم وا نییه پلانه‌كه له ئێستادا وه‌ك خۆی مابێته‌وه، به تایبه‌تی كه پێشهات و پێشكه‌وتنی نوێ و ڕێككه‌وتنی نوێ له ئارادا ده‌بن، بۆیه ڕاڤه‌یه‌كی نوێ بۆ هه‌موو ئه‌و پێشهاتانه ده‌كرێت و ئه‌م ڕاڤه نوێیانه ماوه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان و ژماره‌یان له ناوچه‌كه دیاریی ده‌كه‌ن، به‌ڵام له كۆتاییدا ئه‌مه په‌یوه‌سته به بڕیاری ئه‌مه‌ریكا.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە درێژەی ئەم بابەتەدا دەڵێت، له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی فیدراڵ له پێوه‌ندیی به‌رده‌وامداین و لەسەر هێزی هاوپه‌یمانانیش له عێراق گفتوگۆمان كردووه و له دانوستانه‌كانیش بەشدار بووین، به‌ڵام بڕیاره‌كه لای حكوومه‌تی فیدراڵه و هه‌رێمی كوردستانیش ئاره‌زووی خۆی بۆ میوانداریی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان ده‌ربڕیوه، چونكه هه‌رێمی دركی به مه‌ترسیی و ئاڵنگارییه ئه‌منییه‌كانی ناوچه‌كه كردووه كه ڕووبه‌ڕووی هه‌مووان ده‌بێته‌وه، به‌ڵام به‌غداش له‌م باره‌وه چاوخشاندنه‌وه به بڕیار و هه‌ڵوێستی پێشێوویدا سه‌باره‌ت به ماوه‌ی مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له خاكه‌كه‌ی ده‌كات به‌تایبه‌تی كه پێویستی به مانه‌وه‌ی ئه‌و هێزانه ده‌بێت بۆ ماوه‌یه‌كی دیكه.
هەرێمی كوردستان و ئیسرائیل
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئەو ده‌نگۆیانه‌ی ڕه‌ت كرده‌وه كه باس له بوونی بنكه و پێگه‌ی ئیسرائیل ده‌كه‌ن له هه‌رێمی كوردستان و گوتی: ئەو تۆمەتانە هیچ بنەمایەکی ڕاستییان تێدا نییە و دەتوانین زۆر بەڕوونی بڵێین، ئەوە ڕاست نییە و ئیسرائیل لە هەرێمی کوردستاندا نییە. جێی داخە زۆرینەی ئەو تۆمەتانەی دەدرێنە پاڵ هەرێمی کوردستان، لەلایەن ئەو کەسانەوەیە کە هیچ بیانوێکیان نییە بۆ هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستان، ئەو تۆمەتانە لەبەر ئەوە دروست دەکەن بۆ ئەوەی بیانوو بۆ کارە خراپەکانیان و هێرشە بێ بنەماکانیان دژی هەرێمی کوردستان بێننەوە. دووپاتی دەکەمەوە، ئیسرائیل لە هەرێمی كوردستاندا نییە.
مەودای هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئێران و ئەمەریكادا
سەبارەت بە پێوەندیی هەرێمی كوردستان بە ئەمەریكا و كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە كە چۆن دەتوانێت ئەو هاوسەنگییە بپارێزێت، مەسروور بارزانی گوتی، هه‌رێمی كوردستان خۆی بڕیار له چاره‌نووسی دیاری دەكات و له باره‌ی خۆیه‌وه بڕیار وه‌رده‌گرێت و بریكاری هیچ لایه‌نێك نییه. ئێمە پێوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا هه‌یه، هاوكات به شانازیشەوە پێوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ ئێرانی دراوسێدا هه‌یه كه سنوورێكی به‌رفراوانمان به یه‌كه‌وه هه‌یه. جاری وایە ئه‌م پێوه‌ندییانه گۆڕانی به‌سه‌ردا دێت كه به داخه‌وه به‌هۆی ناڕوونیی لێكتێنه‌گه‌یشتنه‌وه بووە، به‌ڵام ئێستە ئه‌م قۆناغه‌مان بڕیوه و بڕوامان وایه ویست و نیازی باش، تێكچوونی گرژی لە پێوەندییەكان چاره ده‌كات. پێوه‌ندییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا و لەگەڵ ئێرانیش، له‌سه‌ر حیسابی قوربانیدانی وڵاتێكیان نییه، به‌ڵكوو هه‌رێمی كوردستان ڕێز له پێوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وڵات ده‌گرێت كە له‌سه‌ر بنەمای ڕێزگرتن دروست بووە؛ ئه‌وان ڕێز له هه‌رێمی كوردستان ده‌گرن و هه‌رێمی كوردستانیش ڕێز له‌وان ده‌گرێت.
هەرێمی كوردستان و ترەمپ
پێشكەشكار لەبارەی سیاسەتی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە هەمبەر پێوەندییە ئابوورییەكانەوە پرسی و سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش گوتی، ناتوانم له بری سه‌رۆك تره‌مپ وه‌ڵام بدەمەوە، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان توانایه‌كی زۆری هەیە، نه‌ك هه‌ر له بواری نه‌وت و غاز، به‌ڵكو توانای دیكه‌یشی هه‌یه.
كابینەی نوێی حكوومەت
تەوەرێكی چاوپێكەوتنەكە لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، مەسروور بارزانی گوتی، هوادارم بە زووترین كات حكوومه‌تی نوێ پێك بهێنرێت، ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستاندایه، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داوامان له هه‌موو لایه‌نه براوه‌كانی هه‌ڵبژاردن كردووه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداریی له كابینه‌ی نوێی حكوومه‌ت بكه‌ن، به‌ڵام ئه‌م پرسه پێوه‌ندیی به سروشتی دانوستانه‌كانه‌وه هه‌یه و له كۆتاییدا كێ به‌شداریی له حكوومه‌تدا ده‌كات؟
هەروەها ڕوونی كردەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان 39 كورسی له هه‌ڵبژاردندا به ده‌ست هێناوه، به‌ڵام گۆڕانكاریی به‌سه‌ر یاسای هه‌ڵبژاردنه‌كاندا هات كه هه‌رێمی كوردستان پێشتر یه‌ك بازنه بوو، له دوایین هه‌ڵبژاردندا هه‌ر پارێزگایه‌ك كرایه بازنه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ، ئه‌مه‌ش وای كرد گۆڕانكاری له كورسییه‌كانی په‌رله‌ماندا دروست ببێت، ئه‌گه‌ر سەیر بكه‌یت، ده‌بینیت پارتی دیموكراتی كوردستان توانیویه‌تی ڕێژه‌ی 46%ـی ده‌نگه‌كان به ده‌ست بهێنێت، به‌ڵام ته‌نیا 39 كورسی به ده‌ست هێناوه، چونكه ئامانج له فره‌بازنه‌یی بۆ ئه‌وه بووه كه ژماره‌ی كورسییه‌كان كه‌م بكرێته‌وه. پێم وا نییه ئه‌م ڕێكاره له ڕووی دیموكراسییه‌وه باشترین نموونه بووبێت، به‌ڵام بڕیاری لێژنه‌ی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان بووه، ده‌شمه‌وێت ئه‌وه بڵێم، دوایین هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان پرۆسه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتوو بوو، به ده‌ر له ئه‌نجامه‌كه‌ی. گه‌لی كورد له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا براوه بوو، له كۆتاییشدا هه‌مووان پێویستمان به پێكهێنانی حكوومه‌ت هه‌یه.
سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان
لەبارەی دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستانەوە، مەسروور بارزانی دەڵێت، هه‌ست به نیگه‌رانی و دڵه‌ڕاوكێ ده‌كه‌ین، به‌تایبه‌تی كه سووریا دراوسێیه‌كی ڕاسته‌وخۆی هه‌رێمی كوردستانه و هه‌رێمی كوردستان به ڕووداوه‌كانی ئه‌و وڵاته كارتێكراو ده‌بێت. ئاشكرایه كورد به‌شێكه له دانیشتووانی سووریا، له لایه‌كی دیكه‌وه هه‌رێمی كوردستان پێوه‌ندییه‌كی باشی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بی ئه‌و وڵاته‌دا هه‌یه، بۆیه ئه‌وه‌ی له‌وێ ڕوو ده‌دات دڵه‌ڕاوكێ له لای هه‌رێمی كوردستان دروست ده‌كات، له‌م پێناوه‌شدا هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی داوه ئاگری ئاشووب و دووربه‌ره‌كی له سووریا بكوژێنێته‌وه و ڕۆڵی خۆی له هێوركردنه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كان له نێوان كوردی سووریا و توركیا بگێڕێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش خۆم سه‌ردانی توركیام كرد و له‌گه‌ڵ سه‌رۆك ئه‌ردۆغان و به‌رپرسانی توركیا كۆ بوومه‌وه و گفتوگۆ و دانوستانی زۆر ڕاشكاوانه‌مان له‌م باره‌وه كرد. له به‌رانبه‌ریشدا توركه‌كان تێگه‌یشتنیان بۆ بارودۆخی سووریا هه‌بوو، هه‌موومان هاوڕا بووین كه ماوه‌یه‌ك دیاری بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاشتی له سووریا به‌رقه‌رار ده‌بێت و بزانرێت چ له‌وێ ده‌گوزه‌رێت. به دڵنیاییه‌وه له مه‌ترسییه‌كانی توركیا تێ ده‌گه‌ین به‌هۆی بوونی پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه) له سووریادا، كه ته‌نانه‌ت ئه‌مه بووه‌ته مایه‌ی نیگه‌رانی له ناوچه‌كانی ئێمه‌شدا، بۆیه پێمان وایه ڕێگه‌چاره بریتییه له دوورخستنه‌وه و ڕێگریكردن له دووبه‌ره‌كی و ئاشووب و هاندانی كوردی سووریا بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له پارتی كرێكارانی كوردستان به دوور بگرێت، هه‌روه‌ها پێویسته په‌كه‌كه‌ش ڕێز له‌م بارودۆخه نوێیه‌ی سووریا بگرێت و ڕیسك به كوردی سووریا نه‌كرێت به‌هۆی بوونی په‌كه‌كه له‌و وڵاته.
سەبارەت بە سەردانی مەزڵووم عەبدی بۆ لای سەرۆك بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا مه‌زڵووم عه‌بدی بانگهێشتی هه‌ولێر كرا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بارزانی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی باشی كرد، كه هانی ئه‌وان و سه‌رجه‌م هێزه كوردییه‌كانی دیكه‌ی سووریای دا بۆ ئه‌وه‌ی ڕیزه‌كانیان یه‌ك بخه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی به یه‌ك ده‌نگ به هێز و كاریگه‌رییه‌كی زۆره‌وه هه‌وڵه‌كانیان بخه‌نه گه‌ڕ بۆ چاره‌سه‌رییه‌كی درێژمه‌ودا و هه‌روه‌ها ئێمه هانمان داون بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ڕێك بكه‌ون، ڕاستییه‌كه‌ی من چه‌ند ڕۆژێك له‌مه‌وبه‌ر له داڤۆس بووم و له‌وێ له‌گه‌ڵ ئه‌سعه‌د شه‌یبانی، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سووریا كۆ بوومه‌وه. به دڵنیاییه‌وه له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا هیچ شتێكی نهێنی باس نه‌كراوه، ئه‌وه‌ی باس كراوه بریتی بووه له بارودۆخی سووریا و هاوڕا بووین له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌رێكی ئاشتییانه، به‌ڵام سه‌باره‌ت به داواكاریی كورد له سووریا، ئه‌م پرسه بۆ خۆیان به‌جێ هێڵراوه تاوه‌كوو بڕیاری لێ بدات، به‌دڵنیاییه‌وه هه‌رێمی كوردستان ناچاریان ناكات و فه‌رمانیان پێ ناكات بۆ ئه‌وه‌ی كارێك بكه‌ن، به‌ڵكوو ئه‌م بابه‌ته بۆ كورد به‌جێ ده‌هێڵێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بڕیار بدات كه بۆ ئه‌وان و دیمه‌شقیش باشترین چاره‌سه‌ریی ده‌بێت، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان ده‌خوازێت سووریا وڵاتێكی سه‌قامگیر و دیموكراسی بێت كه رێز له مافی هه‌موو پێكهاته‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی ئه‌و وڵاته بۆ نموونه كورد، عه‌له‌وییه‌كان و درووزه‌كان و ئه‌وانی دیكه بگیرێت، بۆیه سه‌قامگیریی سووریا بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه و هه‌ر شتێكیش به هه‌رێمی كوردستان بكرێت و هه‌ر ڕۆڵێك كه له توانای ئه‌ودا بێت، ئاماده به ئه‌ركی خۆی هه‌ڵبستێت.
هەر لە چوارچێوەی ڕۆژئاوای كوردستان، مەسروور بارزانی گوتی، هه‌سه‌ده نوێنه‌رایه‌تی ته‌واوی كورد ناكات، به‌ڵكوو گوزارشت له به‌شێكی كورد ده‌كات، هاوكات هێزی دیكه‌ی كوردی هه‌یه له سووریا كه ئه‌وانیش گوزارشت له به‌شه‌كه‌ی دیكه‌ی كورد یان زۆرینه‌یان له‌و وڵاته ده‌كه‌ن، هه‌رێمی كوردستان له‌م چوارچێوه‌یه‌دا هه‌وڵی داوه به‌یه‌كه‌وه كۆیان بكاته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ناكۆكی و جیاوازییه‌كانی نێوانیان چاره بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی سوود له‌م بارودۆخه نوێیه‌ی سووریا وه‌ربگرن و كارێك بكرێت كه سه‌قامگیریی و ئاشتیی بۆ هه‌موو كورد له‌م وڵاته بهێنێته ئاراوه، بۆیه ئه‌م پرسه به ته‌نیا په‌یوه‌ندیی به هه‌سه‌ده‌وه نییه. ئێمه له باره‌ی ئه‌وه‌ی له نێوان دیمه‌شق و هه‌سه‌ده‌دا ده‌گوزه‌رێت ئاگادار نین، بۆیه ناتوانم لێدوان له‌م باره‌وه بده‌م، به‌ڵام پێمان وایه ده‌بێت دیمه‌شق له‌گه‌ڵ هه‌موو كورد بدوێت و به ته‌نیا قسه له‌گه‌ڵ هه‌سه‌ده نه‌كات، هیواداریشین هه‌سه‌ده له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه كوردییه‌كانی دیكه كار بكات، بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌مووان نوێنه‌رایه‌تییه‌كی گه‌وره‌تر و گشتگیرتری كوردی سووریا بكه‌ن.
هەرێمی كوردستان و وڵاتانی كەنداو
لەبارەی پێوەندیی هەرێمی كوردستان بە وڵاتانی كەنداو بە گشتی و سعوودیە بە تایبەتی، مەسروور بارزانی گوتی، پێوه‌ندییه‌كی باشمان له‌گه‌ڵ وڵاتانانی ئه‌نجوومه‌نی هاریكاریی كه‌نداودا هەیە، له ناویشیاندا له‌گه‌ڵ سعوودییه. هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵ ده‌دات ئه‌م پێوه‌ندییانه به ئاستێكی باڵاتر بگه‌یه‌نێت، به شێوه‌یه‌ك هه‌رێمی كوردستان خوازیاره كۆمپانیاكانی وڵاتانی كه‌نداو له ناویشیاندا كۆمپانیا سعوودییه‌كان سه‌رمایه‌گوزاریی زیاتر له هه‌رێمی كوردستاندا بكه‌ن، به تایبه‌تی كه ده‌رفه‌تی كار و سه‌رمایه‌گوزاریی له هه‌رێمی كوردستان سوودی بۆ هه‌ردوولا ده‌بێت، هه‌روه‌ها هه‌رێمی كوردستان له ڕووی كولتوور و جوگرافیاوه شوێنێكی گونجاوه و دیمه‌نی ڕازاوه‌ی سروشت ده‌رفه‌ت به‌وه ده‌دات خه‌ڵك ڕووی تێ بكه‌ن، بۆیه هه‌رێمی كوردستان دڵخۆشه به بوونی ئه‌و په‌یوه‌ندییانه و خواستی فراوانتركردنی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌یشی هه‌یه.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەروەها دەڵێت، چه‌ندان پرس هه‌یه كه هه‌رێمی كوردستان و وڵاتانی كه‌نداو ده‌توانن به‌یه‌كه‌وه بیكه‌ن، بۆ نموونه چه‌ندان ده‌رفه‌تی له‌بار له هه‌رێمی كوردستان هه‌یه كه ڕه‌نگه له شوێنه‌كانی دیكه‌دا نه‌بێت، بۆ نموونه هه‌رێمی كوردستان خاوه‌نی كانزا و ناوچه‌ی گه‌شتیاریی و كه‌شوهه‌وای خۆیه‌تی كه به‌مه‌ش له وڵاتانی عه‌ره‌بی و كه‌نداو جیا ده‌كرێته‌وه ته‌نانه‌ت ژینگه‌یه‌كی ته‌واو جیاوازی هه‌یه، بۆیه زۆر شت هه‌یه كه ده‌كرێت له نێوان هه‌ردوولادا ڕوو بدات، بۆ نموونه گرێبه‌ستی نێوان كۆمپانیاكان، ئه‌گه‌ر حكوومه‌ته‌كان و لایه‌نی یاسادانه‌ر ئاسانكاریی بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی كۆمپانیا بازرگانییه‌كان و ژووره‌كانی بازرگانیی بكه‌ن، به شێوه‌یه‌ك گرێبه‌ست له نێوانیاندا بكه‌ن و به شێوه‌ی تایبه‌تی خۆیانه‌وه ڕێك بكه‌ون، ده‌رفه‌ت بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان ده‌ڕه‌خسێنێت.
خەونی سەربەخۆیی
مه‌سرور بارزانی لە دیمانەكەدا وەڵامی پرسیاری دەرفەتی سەربەخۆیی كوردستان دەداتەوە و دەڵێت، ئه‌م پرسه پێوه‌ندیی به‌و شێواز و میكانیزمه‌وه هه‌یه كه كورد مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، بۆ نموونه وڵاتانی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا ماوه‌ی چه‌ندان ساڵ شه‌ڕیان كرد، چه‌ندان ده‌یه تێكۆشان بۆ ئه‌وه‌ی وڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆیان دابمه‌زرێنن و ئێستاش بوونه‌ته خاوه‌نی یه‌كێتیی ئه‌ورووپا، ئه‌وان ئه‌م قۆناغه‌یان تێ په‌ڕاند و كار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌نتیگره‌یشن و پێكهێنانی یه‌ك قه‌واره‌ی یه‌كگرتوو. بۆیه ئه‌م پرسه ته‌واو پێوه‌نده به‌و وڵاتانه‌ی كه كورد تێیاندا ده‌ژین و چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌ن. به داخه‌وه مێژووی كورد پڕیه‌تی له سته‌م و چه‌وسانه‌وه و نه‌بوونی یه‌كسانی، ئه‌گه‌ر ئه‌م بابه‌ته به‌م شێوه‌یه به‌رده‌وام بێت، به دڵنیاییه‌وه كاردانه‌وه‌ی كورد به هه‌مان شێوه ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پێشنیازێكی نوێ بۆ ئه‌م بابه‌ته بخرێته ڕوو كه له‌سه‌ر قبووڵكردن و ڕێزگرتن و یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ریی بونیات نرابێت كه له ڕێگه‌یه‌وه ده‌كرێت گه‌لان پێش بكه‌ون و چێژ له ئایینده‌یه‌كی سه‌قامگیر و ئاشتی وه‌ربگرن، ئه‌و كات ئه‌و ڕێگه هه‌ڵده‌بژێردرێت كه چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ كورددا ده‌كرێت.
پێشكەشكار داوای لە مەسروور بارزانی كرد، لە كۆتایی چاوپێكەوتنەكەدا هەر ناوێكی پێ گوت، پەیامێكی لەبارەوە بە كورتی بڵێت:
لەبارەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: ئێمە هاوپەیمانی ئەمەریكاین، هیوادارین ئەمەریكا بیری بێت كە لە كاتە سەختەكاندا پێكەوە بووین، بۆیە پێشبینی دەكەین ئەمەریكا بمانپارێزێت و هاوكارمان بێت، چونكە دەتوانین پێكەوە زۆر شت بكەین.
سه‌باره‌ت به په‌یامی بۆ ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی قۆناغی ڕاگوزه‌ری سووریا، سەرۆک وەزیران، گوتی: پێویسته سه‌رۆكی هه‌موو سوورییه‌كان بێت و ڕێز له سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی وڵاته‌كه‌ی بگرێت بۆ ئه‌وه‌ی به‌رده‌وام بێت و سه‌ركه‌وتن به ده‌ست بهێنێت.
مەسرور بارزانی په‌یامێكی بۆ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نارد و به پێویستی زانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌موو عێراقییه‌كان بێت نه‌ك سه‌رۆك وه‌زیرانی تایه‌فه‌یه‌كی دیاریكراو و به‌رده‌وامیش بێت له‌و په‌یوه‌ندییه باشه‌ی له‌گه‌ڵ كورد و سوننه و شیعه‌كانیش هه‌یه‌تی.
سه‌رۆك وه‌زیران مه‌سرور بارزانی له په‌یامه‌كه‌یدا بۆ مه‌زڵووم عه‌بدی داوای لێ كرد له‌گه‌ڵ هه‌موو هێزه كوردییه‌كانی سووریا كار بكات له پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی مافی كورد و ئایینده‌ی سووریا.
له باره‌ی عه‌بدوڵا ئۆجه‌لانیشه‌وه، مەسروو بارزانی گوتی، ئه‌و له زینداندایه و وه‌كوو مرۆڤێك ده‌خوازم ڕۆژێك ئازاد بكرێت و به شێوه‌یه‌كی ڕیشه‌ییش پرسی كورد له توركیا چاره بكرێت.