نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانیی هەرێم لە چاوپێكەوتنێكی "وشە"دا تیشك دەخاتە سەر پرسی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان، باس لەوە دەكات كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ سەرو 30 وڵات پێوەندیی راستەوخۆی بۆ هاوردەكردن و هەموو جۆرە كارێكی بازرگانی هەیە و چەندین وڵاتیش داوایان كردووە كاری بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن.
*ئاستی بازرگانیی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتان چۆنە؟
ئێستە هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی فراوانی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و زۆربەی وڵاتە عەرەبییەكان و كەنداو و ئەوروپا و ئەمەریكا هەیە، ئەم پێوەندییانە بۆ هەرێمی كوردستان ساڵ بە ساڵ زیاتر و فراوانتر دەبن و وڵاتی نوێ پێوەندیی بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دروست دەكەن، ئەمەش بۆ هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی بەهێزە لە چوارچێوەی كاری بازرگانیدا.
*ئەو وڵاتانەی كە بە پلەی یەكەم بازرگانان هاوردەی لێوە دەكەن بۆ هەرێم كامانەن؟
چەندین وڵات هەیە كە بە بەردەوامی بازرگانان كەلوپەل و خۆراك و هەموو شتێكیان لێوە هاوردە دەكەن، لەوانە ئێران و توركیا بە پلەی یەكەم، ئەو دوو وڵاتە رۆڵ دەبینن، یەكێك خۆیان مەوادیان لێوە دێت، رۆڵەكەی تریش ئەوەیە كاڵای زۆربەی وڵاتەكانی تر لەو دوو وڵاتەوە دێن، هەروەها وڵاتانی ئەوروپا وەك بەریتانیا و ئەڵمانیا و ئیتاڵیا و جۆرجیا و هۆڵندا و ئەمەریكا و چین و ژاپۆن و رووسیا و وڵاتانی عەرەبی وەك ئیمارات و قەتەر، بەشی زۆری مامەڵەی بازرگانان لەگەڵ ئەوانەیە.
*وڵاتی نوێ هەیە پێوەندیتان دروست كردبێت یان بۆ كاری بازرگانی لەگەڵ هەرێم رابكێشرێت؟
بەڵێ، ساڵانە چەندین وڵاتی نوێ لە كاتی سەردانە فەرمییەكانی حكوومەت بۆ دەرەوە، یان شاندی وڵاتان كە دێنە هەرێم و لەگەڵ سەرۆكی حكوومەتی هەرێم كۆ دەبنەوە، داوای دروستكردنی پێوەندیی بازرگانی دەكەن، وەك هیندستان و تایلەند، بەڵام هەمیشە لەو وڵاتانانەی كە نزیكن و كەمترین تێچوو بۆ خۆراك و كەلوپەل لەسەر خەڵك بكەوێت لەوێوە هاوردەكان دەكرێن.
*زۆرترین ئەو مەواد و كەلوپەلانەی كە هاوردە دەكرێن لە چ بوارێكن؟
بە پلەی یەكەم مەوادی كیمیاییە، هەروەها مەودای پیشەسازی و ئاژەڵ بۆ مەبەستی گۆشتەكەی و دواتر مادە خۆراكییەكان بە هەموو جۆرەكانییەوە، ئەلیكترۆنی و بوارەكانی تریش بەپێی ریزبەندی تا خوارەوە، ئێستە خۆشبەختانە هەرێمی كوردستان هەنگاوی ناوە بۆ بەرهەمهێنان لە بواری پیشەسازیدا.
*ئەمساڵ چەند مۆڵەتی بازرگانی دراوەتە بازرگانان بۆ هاوردەكردن؟
لە ماوەی سێ مانگی ئەمساڵ نزیكەی هەزار مۆڵەتی بازرگانی دراوە بە بازرگانان بۆ هاوردەكردن و ئەو هاوردانەش لە رێگەی مەرزەكانەوە دەبێت، بەردەوام و رۆژانە دەیان بازرگان لە چوارچێوەی مەرج و رێساكان داوای مۆڵەتی بازرگانی دەكەن، ئەگەر كێشەی یاساییان نەبێت لە كەمترین ماوە مۆڵەت وەردەگرن و لە بازگەكانیش كارئاسانییان بۆ دەكرێت، هەروەها رۆتین بۆ پێدانی مۆڵەت بە بازرگانان نەماوە.
*ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە دوبەی هاوردە دەكرێن بۆ هەرێم لە چەند وڵاتەوەیە و ساڵانە چەند ئۆتۆمبێل هاوردە دەكرێت؟
ئۆتۆمبێلی هەموو وڵاتەكانی تر دەچنەوە دووبەی لەوێوە هاوردە دەكرێن، ئەمەركی، فڕەنسی، بەریتانی، ئەڵمانی، چینی، ژاپۆنی، كۆری و وڵاتەكانی تریش، لە دوبەیەوە هاوردە دەكرێن، ساڵانە سەرو 120 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە دەكرێن، ئەمساڵیش لە ماوەی سێ مانگی ئەمساڵ نزیكەی 50 هەزار ئۆتۆمبێل هاوردە كراوە.
دیمانە/ هۆشیار عەلی