نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، بە بانگهێشتێكی فەرمی، بەشداریی لە كۆڕبەندی تاران بۆ گفتوگۆدا كرد، كە ناوەندی لێكۆڵینەوەی سیاسی و نێودەوڵەتیی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەنجامی دەدات.
لە گفتوگۆیەكی كۆڕبەندەكەدا، نێچیرڤان بارزانی، وەڵامی چەند پرسیارێكی دایەوە، ئەمە دەقەكەیەتی:
كۆڕگێڕ: زۆر دڵخۆشم، بەڕێز بارزانی.
نێچیرڤان بارزانی: زۆر سوپاس، ئەگەر فارسییەكەشمان باش نەبوو، داوای لێبوردن دەكەم.
كۆڕگێڕ: فارسیی ئێوە باشترە لە كوردیی من، هەڵبەت كوردیی بەڕێز سەرۆككۆماریش.
نێچیرڤان بارزانی: بە ڕاستی كوردیی بەڕێز سەرۆككۆمار قسەی تێدا نییە. باوەڕ بكەن، هەر پێیەوە دیار نییە كورد نییە، ئێمە ئەوەمان بینیوە.
پرسیار: ئێوە پشتڕاستی بكەنەوە ئیدی تەواوە.
نێچیرڤان بارزانی: بەڵێ، ئێمە پشتڕاستی دەكەینەوە؛ بەڕێزیان ئێستاش كە هاتن بە كوردی قسەیان كرد، گەورەیییان نواند.
كۆڕگێڕ: بەڕێزیان سەرۆككۆماری چەند زمانزانەی ئێمەن. زۆر سوپاس بەڕێز بارزانی، سەرۆكی بەڕێزی هەرێمی كوردستانی عێراق بۆ ئەوەی بانگهێشتەكەی ئێمەتان قبووڵ كرد، دڵخۆشم كە ئەم دەرفەتە بە من دراوە لەگەڵ ئێوە گفتوگۆ بكەم. كەمتر لە یەك مانگ و نیو لەمەوپێش میوانی ئێوە بووم. زۆر سوپاستان دەكەم لە هەوڵی ئێوە بۆ بەڕێوەبردنی ئەم كۆڕبەندە ناوازەیە و هیوادارم ئەم كۆڕە كە كۆڕی ڕۆشنبیران و سیاسییەكانە، ئەمڕۆ بە باشی هەڵیبسەنگێنن و بتوانین تیشك بخەینە سەر هەندێك لە بابەتەكان.
نێچیرڤان بارزانی: ئەگەر چەند وشەیەك بە كوردی قسە بكەم. بێگومان زۆر خۆشحاڵم لەوەی كە لەم كۆڕبەندەدا بەشدار دەبم، سوپاس و پێزانینم هەیە بۆ جەنابیشت كە بانگهێشتی ئێمەت كرد. ئێمە هاتین بۆ تاران، زۆر خۆشحاڵم. هەوڵ دەدەم بە فارسی قسە بكەم، ئەگەر فارسییەكەم تۆزێك كێشەی تێكەوت، ئەوكات بەكوردی قسە دەكەم.
ئێمە بە فارسی دەست پێ دەكەین، باسی ئەوەم كرد لە خزمەتتان كە ئەگەر فارسییەكەم كێشەیەكی هەبوو، ئەوكات دەیكەینە كوردی.
كۆڕگێڕ: ئێوە زۆر بە باشی فارسی قسە دەكەن.
نێچیرڤان بارزانی: تەنیا ڕوخسەتم دەوێت، ئەوەی كە باست كرد یەك مانگ و نیو لەمەوپێش لە هەرێمی كوردستان بوون، من ویستم، هەر ئێستاش بە بەڕێز د.زەریفیشم گوت كە ئێمە بانگهێشتتان دەكەین.
پرسیار: بەڕێز بارزانی، گۆڕانكارییەكانی ناوچەكە زۆر خێران. ئێوە لە هەرێمی كوردستان كە قسەتان دەكرد، ئاماژەتان بەوە دا كە عێراق و هەرێمی كوردستان ڕۆڵێكی زۆر گرنگیان لە گۆڕانكارییەكان هەیە و باستان لەوە كرد كە ئێوە چەندە لە بواری پەیوەندی لەگەڵ وڵاتانی دیكە سەركەوتوو بوون. ئێستا ئێوە چ ڕۆڵێك بۆ عێراق لە داهاتووی ئەو گۆڕانكارییانەدا دەبینن؟
نێچیرڤان بارزانی: سەیر بكەن، عێراق وڵاتێكی گرنگە لە ناوچەكەدا و دەتوانێت لە داهاتووی ناوچەكەدا ڕۆڵێكی گرنگی هەبێت. ئێستا دەتوانم بڵێم دۆخی عێراق ئەگەر ئێوە سەرنجی بدەن، بەراورد بە چەند ساڵی ڕابردوو، ئێستا گەورەترین كێشەیەك كە دەكرێت ناوی كێشەی لێ بنێین لە بەغدا، كێشەی قەرەباڵغیی ترافیكە.
عێراق خەریكە لە قۆناخێكەوە دەچێتە قۆناخێكی دیكە. لە بابەتی سیاسیدا ئەگەر بمەوێت باس لە هەموو عێراق بكەم، ئێمە ئێستا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لووتكەی كۆمكاری عەرەبیمان بەڕێوەبرد لە بەغدا و بە لەبەرچاوگرتنی دۆخێك كە لە ناوچەكەدا هەیە، پێمان وایە لووتكەیەكی زۆر سەركەوتوو بوو كە هاوڕێیان و برایانی عەرەبمان لە وڵاتانی دیكەوە تێیدا بەشدار بوون.
عێراق وڵاتێكە كە بەم دواییانە پرسی شەڕی تێپەڕاندووە، كێشەكانی تێپەڕاندووە و خەریكە پێ دەنێتە قۆناخێكی سیاسیی گرنگ كە دەتوانێت ڕۆڵێكی كاریگەر وەك وڵاتێكی گرنگ لە ناوچەكە بگێڕێت.
عێراق وڵاتێكە لە بواری سەرچاوە سروشتییەكان، سەرچاوە مرۆییەكانەوە زۆر دەوڵەمەندە و بە سیاسەتی دروست و دووربینی یان خوێندنەوە بۆ داهاتوو، دەتوانێت ڕۆڵێكی كاریگەر و گرنگ لە ناوچەكەدا بگێڕێت.
پرسیار: ئێوە چۆن هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا پێناسە دەكەن؟
نێچیرڤان بارزانی: دۆخی كوردستان، با من بەو شێوەیە بڵێم، بەرلەوەی ئەمەریكییەكان بێنە نێو عێراق لە ساڵی 2003، ئێمە هەر ئەو دۆخەمان هەبوو. ئەمەریكییەكان هاتن و بە ئێمەیان گوت سیستمی بەڕێوەبردنی عێراق بۆ سیستمێكی دیموكراسی و فیدراڵی دەگۆڕدرێت و ئێمە هاوكاریمان كردن بۆ ئەوەی سەدام لە دەسەڵات لابدرێت. پێناسەی سیستم لە عێراق، ئەگەر ئێوە سەرنج بدەن، پێناسەیەكە دەڵێت، سیستمی فیدراڵی لە عێراق. بەداخەوە، من دەمەوێت ئەوە بڵێم تاوەكوو ئێستا نەگەییشتووینەتە ئەو شوێنە، واتە عێراق زۆر دوورە لە فیدراڵیزمەوە. ئێمە لەگەڵ هاوڕێیانمان لە بەغدا گەنگەشەمان لەسەر ئەوەیە. ئێمە دەڵێین، لە جوگرافیایەكدا دەژین كە پێی دەگوترێت عێراق. ئێمە دەبێت مۆدێلێكی بەڕێوەبردن پێناسە بكەین كە لە عێراق جێگەی ڕەزامەندیی هەمووان بێت. ئەو مۆدێلە لە دەستووری عێراقدا پێناسە كراوە و 80٪ـی خەڵكی عێراق دەنگیان بەو دەستوورە دا. ئێمە لە هەرێمی كوردستان داهاتوومان لەو چوارچێوەیەدا دەبینینەوە و دڵنیاین ئەگەر بیانەوێت دەستوور جێبەجێ بكەن، عێراق دەتوانێت زۆربەی كێشەكانی ئێستای نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا چارەسەر بكات.
من دەمەوێت بە ئێوە بڵێم، ڕاستییەكە ئەوەیە، نامەوێت وەك گلەیی بیڵێم، بەڵام ڕاستییەكە ئەوەیە مامەڵەی بەغدا لەگەڵ هەرێمی كوردستان بە هیچ شێوەیەك لە چوارچێوەی فیدراڵیزمدا نییە. هەڵبەت من لە بەغدا بە هاوڕێیانم گوتووە كە كێشەكە ئەوەیە كاتێك ئێوەش چاو لە هەرێم دەكەن، وا بیر دەكەنەوە كە ئێمە زۆر زیاتر لە فیدراڵین. لەگەڵ خودی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی كە لێرەن و ئەوكات سەرۆكوەزیران بوو، ئەو گەنگەشەیەمان هەبووە؛ گوتوومە ئێوە كاتێك چاو لە هەرێمی كوردستان دەكەن، وا بیردەكەنەوە كە ئێمە زیاتر لە دەستوور دەسەڵات بە خۆمان دەدەین. ئێمە دەبێت پێكەوە بێ پەردە دابنیشین و بزانین لە كامە خاڵ دەتوانین بە یەكدی بگەین؛ ئەوە وەك بنەمای عێراقی نوێ دابنێین و دەكرێت جێبەجێش بكرێت، دوور نییە لە جێبەجێكردن. ئێستا كاتیەتی و من دەڵێم هەموو ئەو كێشانەی لە عێراق هەبوون، خەریكە بەرە بەرە چارەسەر دەكرێن. عێراق یەكەم كار كە دەبێت بۆ سەقامگیریی سیاسی بیكات، پێویستە پرسی فیدراڵی لەگەڵ كوردستان 100٪ چارەسەر بكات.
پرسیار: ڕۆڵی هەرێمی كوردستان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی عێراق و ئێران چییە؟
نێچیرڤان بارزانی: ئێمە لە هەرێم پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ئێران پەیوەندیی مێژوویین؛ پەیوەندیی مێژوویی، كولتووری، زمانی، هەموو ئەوانە هەن و نزیكین لە یەكدی. ئەگەر ئێوە چاو لە بواری ئابوورییەكەی بكەن، نزیكەی 60٪ـی ئەو ئاڵوگۆڕییە بازرگانییەی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ عێراق هەیەتی، لە ڕێگەی هەرێمی كوردستانەوە دەچێتە عێراق، واتە ئێمە لە بواری ئابوورییەوە پەیوەندییەكی زۆر باشمان پێكەوە هەیە. ئێمە دەبینین ئاستی ئەو پەیوەندییانە ڕۆژ بە ڕۆژ باشتر دەبن. بۆ نموونە، ئێمە لە هەفتەی داهاتوودا دانیشتنێكی دیكەمان هەیە كە پارێزگارەكانی هەرێمی كوردستان و پارێزگارە سنوورییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان پێكەوە دادەنیشن و گەشتێكیشیان هەیە بۆ تاران، لەوانەیە سەرۆككۆماریش ببینن.
ئەو پەیوەندییە كولتووری و مێژووییانەی لەگەڵ ئێران هەمانە، هەموو كات وەك دراوسێیەك چاو لەو بابەتە دەكەین، لە هەر كاتێكیشدا تووشی گرفتێك بووبین، ئێران یارمەتیی ئێمەی داوە. وەك یەكەم جار ئەگەر باس لە پرسی هەڵەبجە بكەین؛ لەدوای هەڵەبجە و ئاوارەبوونی چەندین ساڵە؛ لە شەڕی داعشدا ئێران لەو وڵاتانە بوو، لە ڕاستیدا یەكەم وڵات بوو لە شەڕی داعشدا یارمەتیی ئێمەی دا و خودا لێی خۆشبێت، بەڕێز سەردار سولەیمانی لە یەكەم كەسەكان بوو كە هەر لەو شەوەدا كە زۆر كێشە دروست بوو هاتە هەولێر. ئێمە لە هەموو شوێنێك ئەوەمان گوتووە و ڕاشكاوانە ئەوەمان باس كردووە.
ئەو پەیوەندییەی ئێمە پەیوەندییەكی باشە لە هەموو بوارەكاندا و من لە خزمەت ئێوە دەمگوت كە لەدوای سەردانەكەی بەڕێز سەرۆككۆمار پزشكیانەوە بۆ بەغدا كە دواتر هاتنە هەولێریش، ئێمە ئێستا لە هەموو بوارەكاندا پەرەپێدان بەو پەیوەندییانە دەبینین؛ لە بواری سیاسی، كولتووری، زانكۆ و بازرگانی. ئێمە پێشكەوتنی باشمان لە پەیوەندییەكان، لە هەموو بوارەكاندا بەدەستهێناوە.
پرسیار: باست لە سەردانەكەی سەرۆككۆكار پزشكیان كرد بۆ بەغدا و هەولێر، پێدەچێت ئەو سەردانە لاپەڕەیەكی نوێی لە پەیوەندییەكان هەڵدابێتەوە؟
نێچیرڤان بارزانی: بێگومان. سەیر بكەن، بە هەر حاڵ، ئێمە بەرزی و نزمی لە پەیوەندییەكانماندا هەبووە. من لەو سەردانەدا كە بۆ تاران هەمبوو، هەڵبەت بەرلەوەی كە بەڕێز پزشكیان ببێتە سەرۆككۆمار، چوومە خزمەت خوالێخۆشبوو بەڕێز ڕەئیسی كە سەرۆككۆمار بوو؛ هەروەها چوومە خزمەت جەنابی ڕێبەری باڵای ئێران و پرسەكانمان زۆر بە ڕوونی باس كردن. ئەو گۆڕانكارییەی لە پەیوەندییەكاندا دروست بوو، لەدوای لوتف و دیداری ڕێبەری كۆماری ئیسلامی لەگەڵ من بوو كە بووە خاڵی بەهێزی پەیوەندییەكانی ئێمە.
بەڕێز د. پزشكیان گوتی، لە یەكەم سەرداندا دێتە عێراق؛ گوتم بێگومان ئێمە بانگهێشتتان دەكەین كە بێنە هەولێر؛ بەڕێزیان پێشتر هاتبوو بۆ هەولێر، بەڵام كاتێك مامۆستای زانكۆ یان سەرۆكی زانكۆی تەورێز بووە. بەڕێز سەرۆككۆمار ئەو كات زانیارییەكی لەسەر هەولێر هەبوو، نازانم ئێوە لەگەڵی بوون یان نا.
كۆڕگێڕ: نەخێر.
نێچیرڤان بارزانی: لەوێ نەبوویت، بەڵام براكانمان لەوێ بوون، كاتێك بەڕێز سەرۆككۆمار هاتە بەغدا و هەولێر، لە هەولێر بە كوردییەك قسەی كرد، بە زمانی كوردی وەها قسەی دەكرد كە هەموو سەریان سوڕما.
گۆرگێڕ: من ئەوەم بینیوە.
نێچیرڤان بارزانی: بینیوتە ئیدی؟ داوای لە منیش كرد فارسی قسە بكەم كە پێم وایە سەرۆككۆماریش نەختێك سەری سوڕما كە فارسییەكەم باشە. بە بۆچوونی من، سەردانی بەڕێز سەرۆككۆمار هەر بەو شێوەیەی باسم كرد، لەدوای سەردانەكەی ئێمە، بە كردەوە دەبینین كە كاریگەری هەبوو و لە هەموو پرس و ئاستەكاندا پەیوەندییەكان بەرەو پێشەوە دەچن. هەر ئەو پرسە ئابوورییە و دانیشتنە كە بڕیارە بەمزووانە لە سنە بەڕێوەبچێت خۆی یەكێك لە دەستكەوتەكانی گرنگی سەردانی بەڕێز سەرۆككۆمار بوو.
تەماشا بكە، بەڕێز سەرۆككۆمار بڕوای بەو شتە هەیە كە دەیڵێت، باوەڕی تەواوی پێیە و گوتی، دەبێت ئێمە لە ناوچەكە هاوكاریی یەكدی بكەین، دەبێت پێكەوە بین. خەریكە ئێمە ئەوە لە بەڕێزیان دەبینین، واتە ئێمە دەبینین كە دوای ئەوەی وەك سەرۆككۆمار ئەو پۆستەی وەرگرت، خەریكە پەیوەندییەكانیان لەگەڵ هەموو عێراق بەتایبەتی لەگەڵ هەرێمی كوردستان بەردەوام بەرەو پێشەوە دەچن، بۆ نموونە، هەر لەو دیدارانەی هەمانبوون لەدوای سەردانەكەی بەڕێزیان، بابەتی زیارەتكارانی ئێرانی كە لە ڕێگەی كوردستانەوە دەچنە نەجەف و كەربەلا، ئێستا زۆر ڕێكخراوتر بووە و میكانیزمێكمان بۆ پێناسە كردووە. دوای ئەوەی كە بەڕێز سەرۆككۆمار فەرمانی دەركرد، ئێستا دەبینین كە خەریكە لە تەواوی ئەو پرسانەدا بەرەو پێشەوە دەچین.
پرسیار: ئەو گۆڕانكارییانەی سەبارەت بە پەكەكە ڕوودەدەن، ئایا دەكرێت سەرەتایەك بێت بۆ كۆتاییهێنان بەو تێكهەڵچوونە دوور و درێژانە؟ دەزانن كۆماری ئیسلامیی ئێرانیش تێبینیی ئەمنیی خۆی لە ڕابردوودا هەبووە و ڕووبەڕووی ئەو هەڕەشە و هێرشانە بووەتەوە كە وردەكارییەكانمان گەیاندووەتە خزمەت ئێوە. پێدەچێت دوای سەردانەكەی بەڕێز پزشكیان لەوبارەشەوە ئێمە دەستكەوتی باشمان هەبووبێ.
نێچیرڤان بارزانی: تەماشا بكە، لە بواری ئەمنییەوە من با ئەوە بڵێم، دواتر دەتوانین سەبارەت بە پەكەكەش قسە بكەین. لە بواری ئەمنییەوە ئێمە پێشكەوتنی باشمان هەیە. میكانیزمێكمان دیاری كرد كە بەغدا و هەولێر و كۆماری ئیسلامی پێكەوە تێیدا كار دەكەن. بە هەر حاڵ، بابەتێك بە جددی بۆ ئێمە زۆر گرنگە؛ ئێمە ڕێگە نادەین هەرێمی كوردستان سەرچاوەی مەترسی بێت بۆ دراوسێكان، بەتایبەتی بۆ كۆماری ئیسلامی. ئەوە یەكێك لە پرەنسیپەكانە كە ئێمە لە كوردستانی عێراق پێیەوە پابەندین و بە هاوكاریی عێراق خەریكە ئەو میكانیزمەی پێناسەمان كردووە و لیژنە سێ لایەنەكە بەردەوام دانیشتنیان هەیە بە خۆشحاڵییەوە. ئینجا من دوێنێ شەو هەندێك دانیشتنیشم هەبوو لە تاران، هەموومان ئەوە دەزانین كە تاوەكوو ئێستا لە بواری ئەمنییەوە قۆناخی باشمان بڕیوە و دووپاتی دەكەینەوە خاكی هەرێمی كوردستان سەرچاوەی مەترسی نییە بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران و ناشبێت.
پرسیار: زۆر پەیامێكی ڕوونە. ئەی سەبارەت بە پەكەكە؟
نێچیرڤان بارزانی: لەبارەی پەكەكەوە بەڵێ، پرۆسەیەك دەستیپێكردووە لە توركیا. بە بۆچوونی ئێمە، بە هەر حاڵ، پرسی كورد ناكرێت لە ڕێگەی شەڕ و خوێنڕشتنەوە چارەسەر بكرێت. ئەو ڕۆڵەی ئێمە لە كوردستانی عێراق دەیگێڕین ئەوەیە كە هاوكار بین، دەستوەردان ناكەین، نە لە كاروباری نێوخۆی توركیا و نە لە كاروباری نێوخۆییی هیچ وڵاتێكی دیكە، بەڵام ئەگەر بتوانین لە چوارچێوەی ئەو بابەتەدا یارمەتیدەر بین بۆ توركیا، ئەو ئامادەییەمان هەیە.
ئەو پرۆسەیە لە توركیا دەستیپێكردووە و جددییە، كە لەلایەكەوە پەكەكە هەیە، لە لایەكی دیكەوە دەم پارتی، لە لایەكی دیكەشەوە بەڕێز ئۆجەلان. ئەو سێیانە، كۆڵەكەی سەرەكیی ئەو پرۆسەیەن كە ئێستا پێیەوە سەرقاڵن و ئێمە ڕامانگەیاندووە كە هەر هاوكارییەك لەلایەن ئێمەوە پێویست بێ، ئامادەین ڕۆڵی خۆمان بگێڕین؛ ڕۆڵێك كە ئینشائەڵڵا ئەو كێشەیەی پەكەكە و كێشەكان لە توركیا چارەسەر بكات، چونكە ئەو كێشەیە بە ئۆپەراسیۆنی سەربازی چارەسەر نابێت.
پرسیار: ڕێگەم پێدەدەیت پرسیارێكی جیاواز لە سیاسەت بپرسم؟ ئێوە كە دێنە ئێران، چی زیاتر سەرنجتان ڕادەكێشێت؟ جگە لە زمانی فارسی و بیرەوەریی هاوبەش.
نێچیرڤان بارزانی: هەر ئەو بیرەوەرییانەی باست كردن. تەماشا بكە، ئێران وڵاتێك بووە ئێمەی قبووڵ كردووە وەك پەناخواز كاتێك هاتین؛ لە ڕاستیدا پەناخواز نەبووین، ئێمەیان وەكوو هاووڵاتیی خۆیان قبووڵ كرد، تەنانەت میوان نەبووین، خاوەن ماڵ بووین. ئەو بیرەوەرییانەی ئێمە لەگەڵ ئێران هەمانن بە جۆرێكن كە دەمێننەوە. لە هەمان كاتدا كاتێك دێم بۆ ئێران، ئەو شوێنەی كە هەموو جارێك دەمەوێت بیبینم، عەزیمییەی كەرەجە. بە هاوڕێیانیشمان گوتووە كە بەرنامەیەك هەبێت؛ هاوبەشیی زۆرمان هەیە پێكەوە، هەمووكات ئەم وڵاتە بە ماڵی خۆمان دەزانین.
كۆرگێڕ: زۆر سوپاس. دەتوانم شایەتیی ئەوە بدەم كە بەڕێزتان یەكێك لە ئەندازیارانی پەیوەندییە زۆر پتەوەكانی ئەم دوو وڵاتەن. زۆر سوپاس كە بەشداریتان كرد.
نێچیرڤان بارزانی: زۆر سوپاس.