"ئەوەی بەغدا دەیکات زۆر بێشەرمییە"

:: PM:09:50:30/05/2025 ‌
د. بەشیر حەداد جێگری سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی "وشە"دا باس لە بڕیاڕ و مامەڵە و سیاسەتەکانی بەغدا دەکات بەرانبەر بە کورد و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، ئەوەی بەغدا دەیکات نایاساییە و بەتەواویی دژایەتی خۆی بۆ کورد نیشانداوە و کارێکی بێشەرمانەیە.

مامەڵەی بەغدا بەرانبەر بە کورد بە تەواوی داشۆراوە لە یاسا و مرۆڤایەتی؟
ئەوەی بەغدا دەیکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان بە تەواوی ئاشکرابوو بابەتێکی سیاسییە، ئەگەر لە رابردوو بە ڕواڵەت بیانووێکی ئیداریی یان هونەری یان یاسایی بۆ دواکەوتنی نەناردنی مووچە بهێنایە، خەڵک لەوانەیە بیوتایە با ئەوە چاک بکرێت و گرفت و کێشە نەمێنێ.

نەناردنی مووچە بەتەواوی بە سیاسیی نەکراوە؟
هەموو جارێک گرفتەکانی نەناردنی مووچە لایەن بەغداوە بۆ هەرێم سیاسیی بوون، بەڵام ئەمجارە بە روونی بێ پەردە ئەوەیان ئاشکراکرد و گومانی تێدا نەما، ئەوە گوشارخستنە سەر هەرێمی کوردستانە، ئەمە هەمان ئەو بیروبۆچوونەیە کە حکوومەتەکانی عێراق هەر لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراق دژایەتی مافەکانی کوردیان کردووە.

ئومێد ماوە بۆ کورد لە عێراق ؟
دوای 2003 ئومێد وابوو گۆڕانکاریی لە عێراق بێتەئاراوە، کورد بە گەرمی بەشداربوو لە بنیادنانەوەی عێراق بەهیوای ئەوەی ئەوەی لەدەستچووە بتوانن بەدەستی بهێننەوە لە عێراقی نوێ و کەشوهەوایەکی دیموکراسی و پرۆسەیەکی سیاسی کە هەمووان تیایدا بەشداربن بێتەئاراوە، بەداخەوە بەو جۆرە نەبوو، هەمان بیروبۆچوون و دژایەتیکردن مافی پێکهاتەکان بەگشتی و کورد بەتایبەتی هەر ئەمە پێڕەو دەکرێت لە عێراقدا، ئەگەر جارانی پێشوو مووچە چەند رۆژێک دواکەوتایە یان مانگێک و دوان مووچە نەدرایە، ئەمجار تاوانەکە گەورەتر بەوەی کە بێشەرمانە رایدەگەیەنن کە لێرەوە تا هەشت مانگی تر مووچە نییە بۆ کورد، ئەمانە چ بیرکردنەوە و قسەو لۆژیکێکە، چ یاسایەک و چ مادەیەکی دەستووری عێراق رێگە بەوەدەدات هاووڵاتییانی عێراق هەشت مانگ مووچە وەرنەگرن، کارەکەشی پێبکەیت و پارەی پێنەدەی.

لایەنە سیاسییەکانی هەرێم چی بکەن؟
پێویستە هەرچی زووە لایەنە سیاسییە عێراقییەکان و لایەنە کوردییەکان بەتایبەتی زۆر بەشەفافی و روونی بێنەسەرخەت و هەڵوێستی خۆیان رابگەیەنن، دادگای فیدراڵیی زۆر بە ئاشکرا بەرگری لە بڕیارەکانی خۆی بکات کە بڕیاریدابوو نابێ مووچەی هاووڵاتییانی کوردستان تێکەڵی هیچ ململانێیەکی سیاسی بکرێت، بەڵام ئەوەتا دیسان مووچە تێکەڵی ململانێی سیاسی کرا.

لەبارەی نوێنەرانی کورد لە بەغدا چی؟
پێویستە نوؽنەرانی کورد لە بەغدا زۆر بەیەکگرتووی وەک چۆن ئێسته‌ یەکگرتوون کە جؽگەی خۆشحاڵییە بەردەوامبن لە داکۆکیکردن لە مافی کوردستان، ئەگەر بینرا بەغدا سوورە لەسەر کارەکەی خۆی و ئەو زوڵمە، ئیتر کاتی ئەوە هاتووە بەغدا بەجێبهێڵن و لەوەو پاش زۆر نابەجێی و شورەییە ئەگەر ئەوان لە بەغدا بن و خەڵکی کوردستان بێ مووچەبێ و برسیبن، ئەوەش مامەڵەی بەغدابێ لایەنە سیاسییەکانیش هەڵوێستی روون و ئاشکرایان ببێ و لە کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم بڕیارێک بدرێت و بەپێی ئەو بڕیارە مامەڵە لەگەڵ بەغدا بکرێت.


وشە/ هۆشیار عەلی


وشە - سه‌رخێڵ هاشم