د. حوسێن رابی: لە ساڵی 2010ەوە ئێران گەورەترین بەربەستی گەشەی باشووری كوردستان بووە

:: AM:11:12:16/06/2025 ‌
لەبارەی شەڕی ئیسرائیل و ئێران و ئەو گۆڕانكارییانەی ئەم شەڕە لە ناوچەكە دەهێنێتە ئارا، كاریگەرییەكان لەسەر كورد چی دەبێت؟ ئایا پڕۆژەی ئیسرائیل گۆڕینی نەخشەی ناوچەكەیە؟ چی لە دۆخی كوردستان لە باشوور، لە رۆژهەڵات و رۆژاوا دەگۆڕێت؟ لەم دیمانەدا د. حوسێن رابی مامۆستای زانكۆی سلێمانی وەڵامی چەند پرسیارێكی دەزگای میدیای "وشە" دەداتەوە.

*شەڕی ئیسرائیل و ئێران كاریگەریی لەسەر رۆژهەڵاتی كوردستان چی دەبێت؟ ئایا دەكرێت بڵێین قەوارەیەكی تری كوردی لەو پارچەیە دێتە ئارا؟

شەڕەكە لە نێوان دوو هێزدایە، لایەنێكیان كە ئیسرائیلە وەك خۆی بەدۆستی كورد دەزانێت، هەرچەندە لەسەر ئەرزی واقیعدا دۆستایەتیی خۆی نەسەلماندووە، ئێران كە لانیكەم دوژمنی هەموو گۆڕٍانگارییەكە لە رۆژهەڵاتی كوردستان، لێدان لەو هێزە كە ئەو پارچەی داگیر كردووە و دژی كۆڕانكارییە لەو پارچەیەی كوردستاندا، لە بەرژەوەندیی كوردی رۆژهەڵاتە، چونكە شەڕەكە دەبێتە هۆی شكانی ئێران و لاوازكردنی ئەو هێزە كە چەندان ساڵە سەركوتی كورد لەو پارچەیە دەكات، بەڵام نازانین شەڕەكە چەند درێژە دەكێشێت، هەموو ئەگەرەكان پێمان دەڵێن، ئێران لەم شەڕەدا دەشكێت، ئەمەش لە بەرژەوەندیی كورددایە، بەڵام بەرژەوەندیی گەورە ئەوەیە ئەو هێزە بەتەواوی بڕووخێت. ئەوە لە كاتێكدا ئەگەر شەڕەكە هەر ئەمڕۆ بوەستێت، شتی گەورە بۆ كوردی لە رۆژهەڵات نایەتە ئارا، بەڵام ئەگەر شەڕەكە درێژە بكێشێت ئێران لاواز بێت یان بڕووخێت، بەدڵنیاییەوە كورد لەو پارچە دەسكەوتی زۆر بەدەست دێنێت.

* چەند زانیارییەك هەیە گوایە ئەزموونی رۆژئاوای كوردستان لە رۆژهەڵاتیش دووبارە دەبێتەوە، دەڵێن ئێران لەگەڵ لق و پۆپەكانی پەكەكە كۆ بووەتەوە و باس لەوە كراوە ئەگەر دۆخێك هاتە ئارا ئێران لاواز بوو، ئەوان بەڕێوەبەرییەك لە ناوچەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دروست بكەن؟

باوەڕم بەوە نییە ئەوە راست بێت و ئەو شتە روو بدات، چونكە رۆژهەڵات جیایە لەگەڵ رۆژئاوا، رۆژئاوا چەند شارێكی بچووكی كوردی بوون و پێشتر لایەنگری پەكەكە بوون، بەڵام لە رۆژهەڵات پەكەكە هیچ لایەنگرێكی ئەوتۆی نییە، ئەوەی لایەنگری هەیە هێزەكانی ترە كە مێژوویەكی درێژ و ریشەداریان لەناو خەڵك هەیە و هەزاران شەهیدیان داوە، سەتان كادر و خەڵكیان هەیە. بۆیە ئەگەر گۆڕانكارییەك هەبێت بۆ هێزەكانی رۆژهەڵات دەبێت نەك لایەنی پەكەكە، ئەوەشی باسی ئەو شتانە دەكەن زیاتر دەنگۆن، چونكە هیچ واقیعی نییە رۆژهەڵاتییەكان قەت نزیكی پەكەكە نەبوون، كاتێكیش لە هەندێك رووداو پشتی ئەو هێزەیان گرتووە، زیاتر بابەتی نەتەوەیی بووە نەك ئەوەی لایەنگری پەكەكە بوون، پەكەكە هەرگیز ناتوانێت لەو بەشەی كوردستان هێزی هەبێت و دەوری هەبێت. چونكە خەڵكی رۆژهەڵاتی كوردستان نەتەوەیین و رێكخراون و هۆشیارن، دەزانن چی دەكەن و لە بۆنە نەتەوەییەكانیشدا ئەوەیان سەلماندووە كە هێزێك نەتەوەی نەبێت لە رۆژهەڵات جێی نابێتەوە.

*لاوازبوونی ئێران كاریگەریی لەسەر باشووری كوردستان چی دەبێت؟

سیاسەتی ئێران لە ناوخۆیدا بۆ كوردی رۆژهەڵات ئینكاریكردن و تواندنەوە بووە، بەڵام سیاسەتی ئێران بۆ كوردانی پارچەكانی تر ئەوەبووە، "نە هێندە بەهێز بن لە دەستیان بدەن، نە هێندە لاوازیش بن تێدا بچن"، ئەمە سیاسەتی بزنەكەی هەیاسە، ئێران لەگەڵ كوردانی پارچەكانی تر پێڕەوی كردووە، من ئەمەم لای خوێندەوار و بیركەرەوەكانی ئێران و دەسەڵاتدارانی ئێران بینیوە كە ئەوان ئاوا لەگەڵ پارچەكانی تری كوردستان هەڵسوكەوت دەكەن. ئەمەشی لەگەڵ باشووری و رۆژئاوای كوردستان كردووە، لەم ساڵانەی رابردووش هەروا مامەڵەی كردووە. ئەگەر رژێم لاواز بێت یان نەمێنێت، كوردی باشوور بەهێزتر دەبێت، چونكە گەورەترین بەربەست تا ئێستە لە بەردەم گەشەی باشووری كوردستان لە ساڵی 2010وە ئێران بووە.

ئێران بەردەوام خەریكی بچووككردنەوەی باشووری كوردستان بووە، هەوڵی زۆری داوە نەیەڵێت بەهێز بێت و هەمیشە هەستی كردووە باشووری كوردستان بەهێز بێت، ئەو كێشەكانی زۆرتر دەبن، لەوانە ئەم ماوەیە كە كورد لە باشوور باسی هەناردەی نەوت و غازی كردووە، ئێران بەوە تووڕە بووە و دژی بووە و رێگەی لێ گرتووە، دوژمنایەتیی گەورەبوونی باشووری كوردستان بەهەموو شێوەیەك كردووە و دەكات، ئەگەر ئێران هەبێت نایەڵێت كوردستانی باشوور لەوە گەورەتر بێت، ئەگەر بۆشیان بكرێت لاوازتری دەكەن، چونكە پێیان وایە ئەوەی هەیە زۆرە، دەیانەوێت كوردستانێك لە باشوور بەلاوازی و لە ژێر سێبەری ئەواندا هەبێت، بۆیە بەردەوام پێوەندیەكانیشیان لەگەڵیدا درێژە پێداوە. 



وشە - سۆران عەزیز