"كێشەی سەرەكیی هەرێم و بەغدا ئەوەیە بەرپرسانی عێراق باوەڕیان بە فیدراڵیەت نییە"

:: PM:11:18:09/07/2025 ‌

د. ئەشواق جاف ئەندامی كۆمیتەی ناوەندیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیدارێكی "وشە"دا باسی كۆمەڵێك پرس دەكات، لەوانە پێوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق و ئاماژە دەكات كە پێویستە ئەنجامی كاری لیژنە پێكهێنراوەكە دوایی دەرفەت بێت و ئەگەر بەغدا لەسەر برسیكردنی هاووڵاتییانی هەرێم بەردەوام بێت هەڵوێستی خۆمان رابگەیەنین.

*پێت وایە هۆكاری سەرەكیی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا چییە؟

كێشەی سەرەكیی نێوان هەرێم و بەغدا ئەوەیە بەرپرسانی عێراق، هەندێك لەوانەی دەسەڵاتیان بەدەستە، باوەڕیان بە فیدراڵیەت نییە، ئەوەش ئەمڕۆ و دوێنێ نییە و ساڵانێكی زۆر و پلانێكی درێژخایەنە بە هەنگاو جێبەجێ دەكرێت، بەردەوام كارتی گوشاریان زیاد كرد تا گەیشتە برسیكردنی خەڵك، كە پێشتر برینی مووچەی پێشمەرگە و ماددەی 140 نەكردنەوەی نووسینگەی مادەی 140 لە عێراق بۆ ئەوەی لە ناوچە كوردستانییەكان دوا بكەوێت و مافی جووتیاران و بڕینی بودجەی كوردستان، ئەمانە سوودیان نەبوو و هێزیان دژی هەرێم جووڵاند.

دوای بڕینی بودجە هاتن دەستیان بۆ مووچە برد ئەویشیان بڕی، بۆیە ئێستە شەڕی ئیرادە لەگەڵ خەڵكی كوردستان دەكەن و نایانەوێت قەوارەی هەرێمی كوردستان بمینێت، بۆیە پەنایان بردە بەر هەوڵی هەڵوەشانەوەی یاسای نەوت و غازی هەرێمی كوردستان، كە پێویست بوو پەرلەمانی عێراق یاسای نەوت و غازی عێراق پەسەند بكات، كە ئەوان نایانەوێ دەستوور جێبەجێ بكرێت ، پێشتر بەپێی یاسای نەوت و غازی هەرێم پشكی هەرێم رەوانە دەكرا و بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو یاسایە پەنایان بۆ یاساكانی سەردەمی رژێمی بەعس برد، بۆیە ئەوان باوەڕیان بە پێدانی مافی هەرێم و فیدراڵی نییە و هیچ كات دەستووریان بە كردار جێبەجێ نەكردووە.

*پێت وا نییە چیتر خەڵكی هەرێمی كوردستان تەحمولی ئەو دخە ناكات؟

لە كۆبوونەوەی ئەوجارەی ئەنجوومەنی وەزیران دیار بوو ئەوان داواكارییان لە حكوومەتی هەرێم نییە لە نەوت و داهات، بەڵكو ئامانجیان نەهێشتنی قەوارەی هەرێمی كوردستانە، بۆیە ئەگەر ئەو لیژنەی ئێستە پێكهێنراوە نەیتوانی بگات بە رێككەوتن، كە حكوومەتی هەرێم هەموو ئەركەكانی خۆی جێبەجێ كردووە بەپێی دەستوور، پێویستە فراكسیۆنە كوردستانییەكان دانیشن و ئەمە پێوەندیی بە هەموو خەڵكی كوردستانەوە هەیە، گفتوگۆ بكەن و باسی ئەوە بكەن كە چی بكرێت، دواتر هەموو لایەنە سیاسییەكان لە هەرێم بڕیاری خۆیان بدەن.

*ئەی ئەگەر هەموو لایەنەكان لە هەڵوێستوەرگرتن بەشدار نەبوون چی بكرێت؟

پێكهێنانی لیژنە لە عێراق بۆ چارەسەركردنی ئەو بابەتە كاتكوشتنە، كە دوو مانگ زیاترە خەڵك مووچەی وەرنەگرتووە، بۆیە هیوادارم قووتی خەڵكی كوردستان نەبێتە بابەتێك بۆ كۆكردنەوەی دەنگ بۆ هەڵبژاردن، بۆیە كاتی ئەوە نییە و پێویستە هەمووان كار بكەن بۆ بەدەستهێنانی مافی خەڵك، چونكە بەغدا گەر ئەمجارە مووچە رەوانە نەكات، پێویستە هەرێمی كوردستان هەڵوێستی خۆی وەربگرێت .

*مەبەستت چییە، واتا دەبێت كاتی زیاتر بە عێراق نەدرێت و كورد هەڵوێستێكی یەكگرتووی هەبێت؟

بێگومان ئەوەی دەكرێت كاتكوشتنە و ناخۆشییەكانی خەڵكی كوردستان دەقۆزنەوە، كارەساتە كە دوو مانگە مووچە وەرنەگریت و ئەوان بێن لیژنە پێك بینن، بۆیە پێویستە لایەنەكان كۆبوونەوە بكەن و بڕیار بدەن كە چی بكرێت بۆ رزگاركردنی خەڵك لەم دۆخەی ئێستە كە عێراق قووتی خەڵك وەك كارتی گوشاری سیاسی بەكار دێنێت، بۆیە ئەوە بەرپرسیارەتییەكی مێژووییە و ئەركی هەمووانە هەڵوێستی خۆیان هەبێت، چونكە هەر لایەنێك رێژەیەك دەنگی كوردستانی بردووە و ئەوەش ئەركی هەمووانە ئەگەر لیژنەكەی ئەنجامی نەبوو هەڵوێستیان هەبێت، بۆیە كاتكوشتن لە قازانجی هیچ لایەنێكدا نییە.

*بە بۆچوونی تۆ ئەوەی بەغدا دەیكات دەتوانرێت چۆن پێناسەی بكرێت؟

ئەمە ئەنفالكردنی خەڵكی كوردستانە بە جۆرێكی تازە، چونكە ئەویش برسیكردنە و ئاسەواری كەمتر نییە لە جینۆساید و كیمیابارانكردنی خەڵكی كوردستان، بۆیە برسیكردن بۆ شكاندنی ئیرادە كە حكوومەتی هەرێم سەرەڕای ئەوەی هەموو ئەركەكانی خۆی بەپێی دەستوور جێبەجێ كردووە، خەڵكی چیتر قبووڵی ئەم دۆخە و كاتكوشتنی زیاتر ناكات، بۆیە پێویستە هەڵوێست هەبێت .

*ئەگەر باسی پێكهێنانی كابینەی تازەی حكوومەتی هەرێم بكەین، هۆكار چییە پێكهێنانی دوا كەوت، ئاخۆ پەلەكردن لە پێكهێنانی بۆ ئەم قۆناغە چەند گرنگە؟

ئەوەی ئێستە لە بەغدا گفتوگۆ دەكات حكوومەتی هەرێمی كوردستانە، فراكسیۆنە كوردستانییەكان هەموویان پێكەوە بەیاننامەیەكیان دایە سوودانی، بۆیە زۆر گرنگە یەك دەنگ و یەك هەڵوێستی هەبێت و بێگومان پێكهێنانی حكوومەتی تازە زۆر گرنگە، چونكە بەغدا بیانوو بە هەرێمی كوردستان دەگرێت و بڕیاریان دژی هەرێم سیاسییە، بۆیە پێویستە لایەنەكان كابینەی تازە پێك بێنن و باشترە هەمووان بەشدار بن، هەرچەندە هەندێك خۆیان یەكلا كردووەتەوە كە بەشدار نابن، بۆیە كابینەی 10 پێك بێت لایەنەكانیش ئازادن لە بڕیاری خۆیان و رێزی لێ دەگرین، هیوادارین حكوومەتی تازە بە زووترین كات پێك بێت.

*كەواتە هۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی تازە بۆ چی دەگەڕێتەوە؟

هۆكاری دواكەوتنی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە، هەڵبژاردن كرا و هەندێك لایەن تانەیان لێ دا، دواتر كۆمسیۆن ئەنجامەكانی راگەیاند، دوای ئەوە سەردانی هەموو لایەنەكان كرا و رای هەمووان وەرگیرا، هەندێك لایەن ئامادەیی دەربری و هەندێك ئۆپۆزسیۆنی هەڵبژارد، دواتر پارتی و یەكێتی بڕیاری پێكهێنانی حكوومەتیان دا و لیژنەیەكی تەكنیكی پێك هات و كاری لەسەر نووسینی رەشنووسێك كرد و حەوت كۆبوونەوە كرا و كۆبوونەوە لە نێوان سەرۆكی یەكێتی و سەرۆكی حكوومەتی هەرێم وەك جێگری سەرۆكی پارتی كرا.

دووپات لەوە كرایەوە پێویستە بە زوویی حكوومەت پێك بێت و حكوومەتێكی خزمەتگوزار بێت و یەك هەڵوێست بن لە بەغدا، دواتر هەندێك گۆڕانكاری لە ناوچەكە رووی دا و بڕینی مووچە هاتە پێشەوە و پێیەوە سەرقاڵ بوون، بەڵام نووسراوی كاركردن زۆر گرنگ بوو بۆ قۆناغی كاركردنی داهاتوو ئامادە كرا و هەردوو لایەن لەسەری رازی بوونە و ئەوەی ماوە تەواوكردنی كارنامەی كابینەكەیە .

*كەواتە بەمنزیكانە ئەوەی ماوە تەواو دەكرێت؟

میكانیزمی كاركردن بۆ داهاتوو تەواو بووە و پەسەند كراوە، تەنیا ماوە ئەوەی تەواوكەری گفتوگۆكانە بۆ پێكهێنانی كابینەكە، ئەویش لە رێگەی گفتوگۆ تەواو دەكرێت.

دیمانە/ بڵند ئیبراهیم



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل