وەڵامی شەش پرسیاری باوی هاووڵاتییان لەبارەی پڕۆژەی رووناكی

:: PM:03:24:28/08/2025 ‌
لەبارەی پڕۆژەی نیشتمانیی رووناكی كە ئێستە بەشێكی زۆری هاووڵاتییانی كوردستان كارەبای 24 سەعاتییان هەیە و بڕیارە ساڵی 2026 تەواوی كوردستان بگرێتەوە، كۆمەڵێك پرسیاری بەردەوام و باوی هاووڵاتییان دەكرێت.

"وشە" بە دواداچوونی لەسەر كۆمەڵێك پرسیاری هاووڵاتییان لەبارەی ئەو پڕۆژە نیشتمانییەوە كرد و وەڵامی پرسیارەكانی لە تیمی پڕۆژەی رووناكی بۆ وەرگرتوون كە دەقی پرسیار و وەڵام بڵاوی دەكەینەوە:

ئایا پڕۆژەی رووناكی كۆمپانیایە؟
نەخێر پڕۆژەی رووناكی كۆمپانیا نییە، بەڵكو پڕۆژەیەكی نیشتمانی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە و كارەبای 24 سەعاتی دابین دەكات كە ئەوە لە مێژووی هەرێمی كوردستان، خەڵكی خەویان پێوە دەبینی و مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان ئەو خەوەی كرد بە راستی. 

كەی تەواوی كوردستان دەبێتە خاوەنی كارەبای 24 سەعاتی؟
ئێستە لە ناوەندی پارێزگاكانی كوردستان پڕۆژەی رووناكی كار دەكات، بەڵام وەك پلانی بۆ دانراوە تا ساڵی 2026 تەواوی كوردستان بگرێتەوە. 

ئایا نرخی كارەبای پڕۆژەی رووناكی گرانە، بەراورد بە پێشوو؟ 
نرخێكی گونجاوی هەیە و رەچاوی دۆخی هاووڵاتییان كراوە، دەركەوتووە 80%ی هاووڵاتییان پارەیەكی كەمتر دەدەن بەراورد بە پێشوو كە پێشتر دوو كرێیان دەدا، پارەی موەلیدە و پارەی كارەبای نیشتمانی.

بۆ نموونە لە مانگی حوزەیراندا ئەو شوێنانەی پارەی كارەبای 24 سەعاتییان داوە، تێكڕای كەمتر بووە لە 28 هەزار دینار و سلێمانیش كەمترین پارەی بۆ گەڕاوەتەوە كە داتاكە بەو شێوەیەیە، تێكڕای دانیشووانی هەولێر 29 هەزار دینار، دانیشتووانی سلێمانی 16 هەزار دینار و دانیشتووانی دهۆك 25 هەزار دینار.  

دەڵێن تەنیا لە سێ مانگی سەرەتا وا هەرزانە؟ 
نەخێر كارەبای پڕۆژەی رووناكی پریپێد نییە و بە گوێرەی بەكارهێنانە، چەند زیاتر بەكار بێنێ‌ ئەوەندە پارەیەت بۆ دەگەڕێتەوە، لە سێ‌ مانگی یەكەمدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاڵپشتی هاووڵاتییان دەكات بەمەبەستی ئەوەی خۆیان بگونجێنن لەگەڵ سیستمی نوێی كیلۆوات لە سەعاتدا.

پاڵپشتییەكەیش بەو شێوەیە دەبێت كە 50% داشكان بۆ مانگی یەكەم و 25% بۆ مانگی دووەم و 15% بۆ مانگی سێیەم دەبێت.

چی بەسەر قەرزەكانی پێش پڕۆژەی رووناكی دێت؟
حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی هاووڵاتییان، ئێستە هیچ پلان و میكانیزمێكی نییە و هیچ هەنگاوێك نانێت بۆ وەرگرتنەوەی قەرزەكانی پێش پڕۆژەی رووناكی. 

پارەی موەلیدە هەر دەمێنێ‌؟ 
نەخێر، دوای پڕۆژەی رووناكی هاووڵاتییان تەنیا پارەی كارەبای پڕۆژەی رووناكی دەدەن. 




وشە - سه‌رخێڵ هاشم