راپۆرتێک لەسەر پێشێلکارییەکان دەدەینە یەکێتی ئەوروپا

:: PM:03:10:06/09/2025 ‌
هۆزان قادر سەرۆكی رێكخراوی پەیامنێران لە دیمانەیەكی تایبەت لەگەڵ "وشە"، ئاماژە بە رەوشی رۆژنامەنووسان لە كوردستان دەكات و دەڵێ‌، گوشار خستنەسەر رێكخراوەكانی سلێمانی و هەوڵدان بۆ دەرپەڕاندنیان، كاریگەری نەرێنی لەسەر شارەكەدا دەبێت. هەروەها ئاماژە ئاستەنگی نوێی خستە بەردەم ئازادی ڕادەربڕین و لەسەر ئەوەیش راپۆرتێك پێشكەشی یەكێتیی ئەوروپا و نوێنەری وڵاتان دەكەن. 

بەگشتیی رەوشی رۆژنامەنووسان لە كوردستان چۆنە؟
هەرگیز دۆخی رۆژنامەنووسان لە هەرێمی كوردستان بە ئەندازەی ئێستە خراپ نەبووە، بەداخەوە  رەوشەكە بە ئاقارێكی نەرێنیدا دەڕوات و هیچ رۆژنامەنووسێك ژیانی پارێزراو نییە، بەمەیش هەرێمی كوردستان لە ناو پێگەی نێودەوڵەتی دەچێتە ژێر پرسیارەوە، ئەگەرچی لە هەندێك شوێن جیاوازە بەراورد بە ناوچەی تر. 

دوای رووداوەكانی سلێمانی، بۆچی هەست دەكرێ رەوشی رۆژنامەنووسان بەرەو خراپییە؟ 
ئەم رەوشەی ئێستەی رۆژنامەنووسی وەك ئاماژەم پێ كرد، تەنیا بۆ پارێزگایەك  قەتیس نەكەین، بەڵكو دۆخەكە سەرجەم شارەكانە، چونكە پێمان وایە هەر كاتێك بارودۆخی لایەنەكان گرژیی تێبكەوێ، راستەخۆ كاریگەریی دەبێت لەسەر كپكردنی  ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەنووسی، دەبێت ئەوەی لە سلێمانیش رووی دا دەرهاوێشتەی دۆخی لایەنەكانە، بەداخەوە دەمەوێ بە راشكاوی ئەوە بڵێم، هێزە تەناهییەكان پشكی هەرزۆری پێشلكارییەكان ئەنجام دەدەن بەرانبەر بە ڕۆژنامەنووسان و هەڵكوتانە سەر دەزگا میدیەكان، دەستبەسەرداگرتنی كەلوپەلی رۆژنامەوانەكان، رێگە نەدان بەرووماڵكردن هەموو لای ئەوانەوەیە، رووداوەكانی لالەزاریش ئاڵنگارییەكی تری خستە بەردەم ئازادی و كاری رۆژنامەوانی. 

رۆڵی ئێوە لە باشتركردنی رەوشی پێشێلكاریی چی بووە؟ 
ئێمە وەك رێكخراوی پەیامنێران، هەمیشە داكۆكیكار بووینە لەسەر رۆژنامەنووسان، هەمیشە لە رێگەی راپۆرتی پێشێلكارییەكان، رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و كونسوڵگە و نیوێنەرانی وڵاتانمان لێ ئاگادار كردووەتەوە، بە خۆشحاڵییەوە وەك رێكخراوی پەیامنێران، بە فەرمی سەندیكای رۆژنامەنووسانی یەكێتیی ئەوروپامان بانگهێشتی هەرێمی كوردستان كرد، بۆ ئەوەی لە نزیكەوە ئەو دۆخە رۆژنامەنووسییە ببینن، بڕیاریشە لە سەرەتای ئەو مانگەدا من بانگهێشتی یەكێتیی ئەوروپا كراوم بۆ دیداری چەند ئەندام پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا، دیدار و كۆبوونەوەمان هەیە، هەر لەوێش راپۆرتێك لەسەر دۆخی ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی پێشكەش دەكەم كە لەمدواییەدا ئامادە كراوە، هەروها بەفەرمیش بۆ یەكەمین جار سەندیكای رۆژنامەنووسانی یەكێتیی ئەورووپا، نووسینگەی سەندیكا بۆ ئازادی رادەربڕین و رۆژنامەوانی بەفەرمی دەكاتەوە. 

جیاوازیی ئێوە و سەندیكای رۆژنامەنووسان چییە؟ 
زۆر جیاوازی هەیە، چونكە سەندیكای رۆژنامەنووسان بەیاسا لە پەرمانی كوردستان دامەزراوە، راستەخۆ گوزارشت لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، لەلایەن حكوومەتیشەوە بودجەی تایبەتی بۆ تەرخان كراوە، بەڵام هەرچەندە رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی لەلایەن فەرمانگای رێكخراوە ناحكوومییەكان مۆڵەتی وەرگرتووە، بەڵام لەڕووی كاركردنیش هەردوولا ئامانجیان خزمەتكردنە، بەڵام هەر كەس و بەشێوازی خۆی. بەداخەوە نەك سەندیكای رۆژنامەنووسان، بەڵكو سەرجەم سەندیكا و كۆمەڵەكان سەربەخۆ نین، ناتوانن ببنە خاوەن بڕیاری خۆیان، ئەگەر سەیری سەندیكای رۆژنامەنووسان بكەین، هەست دەكەی دوو سەندیكا هەیە، بۆیە هەمیشە راگەیەنراوەكانیان دژ  بە یەكن، بۆیە تا سەندیكا و كۆمەڵەكان لە دەست حزب بن، هەرگیز سەندیكاكان ناتوانن خزمەت بكەن، هەر ئەوەش وای كردووە لای  ئەندامانیان جێگەی بایەخ نەبن. 

باس لە دەركردنی هەندێك رێكخراوی كۆمەڵگەی مەدەنی دەكرێ لە سلێمانی، ئایا ئاگەدارن و قسەتان چییە؟
ئەوەی ئێمە بیستوومانە گوشار هەیە لەسەر رێكخراوەكان و سەنتەری میترۆ، ئەم گوشارانەش بۆ دۆخی ناوچەكە باش نییە، ئەو ئازادییەی ئەوان بانگێشتی بۆ دەكەن دەیخاتە ژێر پرسیارەوە، ئێمە لەسەر ئەم دۆخەی ئێستەی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت دۆخی ئازادیی رادەربڕین و رۆژنامەوانی و چارەنووسی  كەناڵی زووم، لەگەڵ ژمارەیەك مامۆستای زانكۆ و رۆژنامەنووس و پارێزەر كۆ دەبینەوە، راگەیەنراوێك بۆ رای گشتی و كونسوڵەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بڵاو دەكەینەوە.



وشە - وشه‌