سەرۆك بارزانی هۆشداری لە كشانەوەی هێزەكانی ئەمەریكا دەدات لە عێراق "داعش سەر هەڵدەداتەوە"

:: PM:07:16:08/09/2025 ‌
لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی "فڕانس 24"، سەرۆک مەسعوود بارزانی هۆشداریی توندی دا لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی سەرهەڵدانەوەی داعش لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە عێراق، نیگەرانیی قووڵی خۆی لەبارەی چارەنووسی کورد لە سووریا و جێبەجێ نەکردنی ڕێککەوتنەکان دەربڕی.

لەبارەى دۆخی سووریا، لە دیمانەكەی "فرانس 24"دا ئەمڕۆ دووشەم، هەشتی ئەیلوولی 2025، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەو ڕێککەوتنە کرد کە لە مانگی ئاداردا لە نێوان مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات "هەسەدە" و ئەحمەد شەرع، سەرۆکی کاتیی سووریا واژوو کرا بۆ تێکەڵکردنی دامەزراوە سەربازی و مەدەنییەکانی کورد لەگەڵ حكوومەتی ناوەندیدا. سەرۆک بارزانی نیگەرانیی خۆی نیشان دا لەوەی، ڕێککەوتنەکە تا ئێستە جێبەجێ نەکراوە و ترسی لە "ئاڵۆزبوون و تێکچوونی" پێوەندییەکانی نێوان گەلی کورد و عەرەب و دەستوەردانی دەرەکی هەیە.

سەرۆک بارزانی لەمبارەیەوە گوتی، پێویستە کێشەکان چارەسەر بکرێن و بیر لە شەڕ نەکرێتەوە، چونکە ئەوە چارەسەر نییە، دەسەڵاتی نوێ دەبێت پێکهاتەی وڵات و پێکهاتە جیاوازەکانی لەبەرچاو بگرێت.

دەربارەی ئەگەری جووڵەی سەربازیی تورکیا دژی هەسەدە، سەرۆک بارزانی پێی وابوو کە تورکیا پشتیوانی لە چارەسەرییەکی ئاشتییانە دەکات و پشتیوانیی لە ڕێککەوتنەکەی مانگی ئاداریش کردووە.

لەلایەکی ترەوە، سەرۆک بارزانی پێشوازیی لە چەکدانانە ڕاگەیەنراوەکەی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە" لە تورکیا کرد و هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە هۆی گەڕانەوەی ئاشتی و ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، ڕێبەری پەکەکە. لەمبارەیەوە گوتی: هیوادارم ئازاد بکرێت.

لەبارەى هێرشە درۆنیانەی دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی ئاشکرای کرد، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی هاوبەش لە نێوان هەولێر و بەغدا پێکهێنراوە و گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە کێ لە پشت ئەم هێرشانەوەیە و لە کوێوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام گوتی چاوەڕێی ڕاگەیاندنی فەرمی دەکەن.

لەبارەی پێوەندییەکانی هەولێر و بەغداش، سەرۆک بارزانی بوونی کێشەکانی دووپات کردەوە و گوتی، کێشەی سەرەکی لە بەغدا ئەوەیە کە باوەڕیان بە سیستمی فیدراڵی نییە. دووپاتیشی کردەوە، ئێمە داوای زیاتر لەوە ناکەین کە لە دەستووردا هاتووە، بەڵام بە کەمتریش ڕازی نابین.

لەوەڵامی پرسیارێکدا لەبارەى ئەوەى کە لە دوای هەڵبژاردنەکانی تشرینی یەکەمی ڕابردووەوە، پەرلەمانی کوردستان کۆ نەبووەتەوە و حكوومەتێکی نوێ پێک نەهێنراوە، سەرۆک بارزانی ددان بەوەدا دەنێت کە ئەم دۆخە جێگەی نیگەرانییە. لەمبارەیەوە سەرۆک گوتی، ڕاستە، جێگەی داخە، ئێمە دڵخۆش نین بەو وەزعە، بەڵام هیوادارین لە مانگی ئەیلوولدا و لە ڕۆژانی داهاتوودا پەرلەمان کۆ ببێتەوە و دەست بە کاری خۆی بکات و حكوومەت پێکبهێنرێت.

لەبارەى کشانەوەی چاوەڕوانکراوی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لە کۆتایی ئەمساڵدا، سەرۆک بارزانی هۆشدارییەکی زۆر توندی دا و ڕای گەیاند، هیچ گومانێک نییە کە هەمان سیناریۆی ڕووداوەکانی دوای ساڵی 2012 دووبارە دەبێتەوە، ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" جارێکی تر سەرهەڵدەداتەوە ئەگەر هێزەکانی هاوپەیمانان لە ناوچەکە بکشێنەوە. لە کۆتاییدا سەرۆک بارزانى دووپاتی کردەوە، مەترسیی داعش بەردەوامە، ئێمە ئەمەمان بە ڕژدى گوتووە.


وشە - پۆڵا مەحموود