رێبوار هادی سەرۆكی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، ئاماژە بە گرنگی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دەكات و دەڵی، ئەو رێككەوتنە سێقۆڵییە دەستكەوتێكی گەورەی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستانە كە توانی كۆمپانیاكانی نەوت بهێڵێتەوە و بیخاتە ناو رێككەوتنی هەناردەی نەوت. پێشی وایە، چەقی پێوەندیی نێوان ئەمەریكا و عێراق، پاراستنی كوردستانە.
خۆت دەزانی ئەمڕۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دەستی پێ كردەوە، ئەوە كاریگەری لەسەر داهاتووی مووچە چۆن دەبێت؟
رۆژی 25ی ئەیلوول، رێككەوتنێكی سێقۆڵی لەنێوان هەردوو حكوومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق و كۆمپانیاكانی نەوت واژوو كرا، ئەو رێككەوتنە لە شەش خاڵ و دیباجەیەك پێكهاتووە، كە باس لە وردەكارییەكانی هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان دەكات، كە هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان لە رێی كۆمپانیای سۆمۆوە دەبێت و كۆمپانیاكانی تریش ئیستحقاقی خۆیان وەردەگرن، بۆیە گەڕانەوەی نەوتی كوردستان بۆ بازاڕەكانی جەیهان گرنگی بۆ عێراق هەیە و بووە هۆكاری هەڵگرتنی بەربەستەكانی بەردەم مووچە و شایستە داراییەكانی كوردستان.
كەواتە هەناردەكردنەوەی نەوت دەبێتە زامنكردنی تەواوی مووچەكانی ئەمساڵ؟
لەبەر ئەوەی یاسای نەوت و گاز نییە، بەگوێرەی یاسای بودجە كە لە بڕگەی دووەم باسی كراوە هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستان زامنی مووچەی فەرمانبەران دەكات، بۆیە رێككەوتنەكە شوێنگرەوەی ئەو بڕگەیە و جێبەجێ دەكرێت.
ئەو رێككەوتنەی كراوە تەنیا لە بەرژەوەندیی كوردستانە؟
ئەوە رێككەوتنێكی سێقۆڵییە و دەستكەوتێكی گەورەی مەسروور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی كوردستانە، كە توانی كۆمپانیاكانی نەوت بهێڵێتەوە و بیخاتە ناو رێككەوتنی هەناردەی نەوت، جیا لەو 50 هەزار بەرمیلەی نەوت كە بۆ كوردستان دەمێنێتەوە كە دەستكەوتێكی گەورەیە، روونیش بووەوە چەقی پێوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق بەهۆی كوردستانەوەیە، چونكە ئەگەر رێككەوتن نەكرابووایە پێوەندیی ئەمەریكا و عێراق خراپتر دەبوو، بۆیە ئەوە دەستكەوتی مەسروور بارزانی و كابینەكەی بوو.