لەو دیمانەیەدا لەگەڵ "وشە"، هەتاو هەمەوەندی كاندیدی ژمارە چواری پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك، ئاماژە بە گرنگیی رۆڵی پارتی لە عێراق دەكات و پێی وایە كە تا گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركووك، شارەكە سەقامگیری بەخۆیەوە نەبینی. هەروەها دەڵێ، كچی كەركووكم و خوشكی هەمووانم، كاندیدبوونم بڕیارێكی سەربەخۆ نەبوو، بەڵكو بانگەوازێك بوو لەلایەن كەسانێكەوە كە بڕوایان بە توانای من هەیە بۆ بەدیهێنانی گۆڕانكاری لە داهاتوودا.
•ئێستە رەوشی كەركووك چۆنە؟ بەتایبەت دوای جێگیربوونەوەی پارتی لە شارەكەدا؟
دۆخی كەركووك تایبەتمەندی خۆی هەیە، لە ماوەی رابردوودا شارەكە بووەتە قوربانی ململانێی حزبەكان بەبێ ئەوەی ئەوانەی لێرە حوكمڕانن، بیر لە خزمەتكردنی خەڵك بكەنەوە، گەنجی ئەم شارە لە ماوەی رابردوودا بە دەستی سوپای تر سەركۆنە دەكران و لە ئازاری زۆردا بوون، بەڵام دوای گەڕانەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لەو شارەدا، شكۆ گەڕایەوە بۆ كورد و شارەكە، لەگەڵ ئەوەیشدا نەك تەنیا كورد، بەڵكو پێكهاتەكانی تریش ئێستە لە سەقامگیریدا دەژین.
•پارتی دەتوانێ لە داهاتوودا رۆڵی كاریگەرتر ببینێ؟
پارتی بەردەوام هێزی یەكەم بووە، كاریگەریی پارتی لە عێراقدا و بۆ خزمەتی كەركووك بەتایبەت زۆر زیاترە لەوەی چاوەڕوان دەكرێت، بۆ ئەوەیش نموونەی زۆر هەن، پێوەست بە عێراق پارتی ژمارەیەكی گەورەیە و هاوكات داكۆكیكاری مافی هاووڵاتییان بووە، ئەوەی ئێستە لە ململانێی ناوچەكەدا رۆڵی سەرەكی هەیە پارتییە، دەستكەوتەكان و سەقامگیری و سازش نەكردن لەسەر مافی خەڵك هەر بە پارتی دەكرێت، پێوەند بە كەركووكیش خەڵكی شارەكە باش دەزانن كە لە كاتی تەنگژە و شەڕەكاندا، هەر پارتی فریادڕەس بووە، لەم خولەی پەرلەمانی عێراق جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە دەستی كورد و لەناویاندا پارتی بووە كە چەندان بڕیار و یاسای گرنگ بۆ بەرژەوەندی خەڵك دەرچوون، هەر پارتیش رێگر بووە لەهەر دەستدرێژییەك بۆ سەر كەركووك و كورد بە گشتی، بۆیە دەكرێت لە داهاتوودا كاریگەریی پارتی زۆر زیاتر بێت، بێگومان ئەوەیش بە پاڵپشتی دەنگی هاووڵاتییان.
•مەبەستت چییە پارتی فریادەڕەسی كەركووك بووە؟
مەبەستەكەم ڕوونە، كەركووك ڕووبەڕووی زۆر كێشە هاتووە، لە هەوڵدان بۆ داگیركردنی زەوی جووتیارانی كورد تا دەگاتە شەڕی چەكداری، هەر پارتی بووە سنگی خۆی داوەتەبەر، پێمان وا نییە خەڵك ئەوانەی بیر چووبێتەوە، بە گەڕانەوەی پارتی شكۆ بۆ كەركووك گەڕایەوە و هەستی نیشتمانپەروەری لای خەڵكی بەرزتر كردەوە، چونكە بیرمان نەچێت خەڵكی ئەم شارە نیشتمانپەروەرن و لەگەڵ هێزێكی نیشتمانیشدان.
•خەمخۆری خەڵك دەبن؟ چونكە لە رابردوودا خەڵكی ئەم شارە ئەزموونی زۆری لەگەڵ پەرلەمانتارە كوردەكان هەبووە؟
ئەوە تەنیا بۆ من نا، بەڵكو بۆ هەموو كاندیدانی پارتییە، ئێمە پەروەردەی حزبێكی نیشتمانی و خەمخۆرین، هەرگیز خەڵكی خۆمان لە بەردەم دوژمن جێنەهێشتووە، بۆیە دڵنیاتان دەكەمەوە، هێزی پارتی لە كوێ بێت سەقامگیری و ئاوەدانی و ئارامی لەوێدایە، بەڵێن دەدەم لە ئاستی خەمی هاووڵاتییان بم، ئەوەی خەڵكی ئەو شارە داوای بكات، لەناو هۆڵی پەرلەمان بە ئەمانەتەوە دەیگەیەنم.
•وەك خۆت چ پەیامێكت بۆ خەڵكی شارەكە هەیە؟
كچی كەركووكم و خوشكی هەمووانم، پەیامەكەم لە پۆلەوە دەستی پێ كرد، لەوێ بڕوام وابوو پەروەردە و زانست بە خۆشەویستی دەبەخشرێت، دواتر ئەركەكەم فراوان بووەوە بۆ جیهانی ڕاهێنان و دروستكردنی سەركردە و بنیاتنانی خێزانی بەبەها و چونێتی دروستكردن و بەڕێوەبردنی پڕۆژەی بچووك بۆ ئافرەتان، كاندیدبوونم بڕیارێكی سەربەخۆ نەبوو، بەڵكو بانگەوازێك بوو لەلایەن كەسانێكەوە كە بڕوایان بە توانای من هەیە بۆ بەدیهێنانی گۆڕانكاری لە داهاتوودا، ئێستە خۆم كاندید كردووە لەسەر لیستی پارتی 275 ، ژمارەكەم چوارە، وەك پێزانینێك بەرانبەر بەو خەبات و تێكۆشانەی كـە سـەرۆك بارزانـی پێشكەشی گەلەكەمانی كردووە، هیوا و پەیامم ئەوەیە بنیاتنانی كەركووكێكی دادپەروەر و ئاوەدان بە خەڵكە ڕەسەنەكەیەوە.